عەلی باپیر: چوونە پەرلەمان لە کوفر و هاوبەش دانان بۆ خوا نزیکە
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، کە پێشتر سەرکردەیەکی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان بوو، رایدەگەیەنێت، چوونە پەرلەمان و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان ”لە کوفر و شیرک نزیکە“.
گرتەیەکی ڤیدیۆیی عەلی باپیر، ئەمیری ئێستای کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بڵاو دەبێتەوە و تێیدا رایدەگەیەنێت، کە زانایانی ئیسلامی لەبارەی بەشداریکردن لە پەرلەمان و حکوومەت بیروڕای جیاوازیان هەیە.
عەلی باپیر لە وتارێکدا، کە بۆ ژمارەیەک کەسی ئیسلامی پێشکەشی دەکات، پێیوایە بەشداریکردن لە حکوومەت و وەرگرتنی وەزارەت لەلایەن ئیسلامییەوەکانەوە، پێویستە بە مەرجی ئەوە بێ، کە ئەو وەزارەتانە بە شەرعی ئیسلامەوە بەڕێوە ببرێن.
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، کە لەساڵی 2001 لە بزووتنەوە جیابووە و کۆمەڵی دامەزراند، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئاماژە بەوەش دەکات، کە بەشداریکردن لە پەرلەمان ”زۆر مەترسیدارە“ و بەشداریکردنی ئیسلامییەکان بە مەرجیش لە پەرلەمان، ”لە کوفر و هاوبەش دانان بۆ خوا، نزیکە“.
ئەگەرچی عەلی باپیر لەم گرتە ڤیدیۆییەدا، کە لە 90ـەکانی سەدەی رابردوو تۆمار کراوە، چوونە پەرلەمان بە هاوبەشدانان بۆ خوا دەزانێ، بەڵام ئێستا (خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان) حزبەکەی شەش کورسی هەیە، هەروەها لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش خۆی ئەندام پەرلەمان بوو.
bas news-
