بۆردێکی ھاوبەش لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای کوردستان و وەزارەتی خوێندنی تورکیا پێکدێت
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەسەرپەرشتیی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەئامادەبونی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، سێیەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ھۆڵی کۆبونەوەکانی دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26/7/2017 کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕێوەچوو، کۆبوونەکە لە چەند تەوەرێکی جیادا گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێکی پەیوەست بە قوتابیان و خوێندنی باڵا کران، بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.
لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران سەرۆکی ئەنجومەنی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رای گەیاند کە سەردانی تورکیا کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە چەند کۆبووەیەکی کردووە، لەو کۆبونەوەیەدا داوایان کردووە پەیوەندییەکانی نێوان ڕێکخراوی (یۆک) و زانکۆکانی کوردستان بەھێز بێ، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی تورکیا، پشتگیری خۆی بۆ بەھێزکردنی ئەو پەیوەندییە دووپاتکردەوە بەڵێنیشیداوە رێکخراوی (یۆک) ڕابسپێرێ بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان بەھێز بکەن.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتیشی: "لەسەر پێشنیازی ئێمە بۆردێکی ھاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی تورکیا و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان پێکدێ، وەزارەتی خوێندنی تورکیا لەگەڵ ڕەزامەندی نیشاندان لەسەر دروستکردنی بۆردەکە، ئەندامەکانیشیان دەستنیشان کرد".
ئاشکراشی کرد: "ئەرکی بۆردەکە بریتی دەبێ لە داڕشتنی سایسەتی ھەماھەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی کێشە ھاوبەشکانمان، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئێمەش ئەندامانی بۆردەکە دەستنیشان دەکەین".
bas news-
