ڤالا فەرید: کەمپین لە دژی ڕیفراندۆم بێویژدانییە و پێچەوانەی یاسایە

 ڤالا فەرید: کەمپین لە دژی ڕیفراندۆم بێویژدانییە و پێچەوانەی یاسایە
سەرۆکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان داوا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەکات، ڕێکاری یاسایی لە ھەمبەر ئەو ڕاگەیاندنانەدا بگرێتەبەر، کە دژی ڕیفڕاندۆم کار دەکەن و دەڵێت، ھەر کەس و لایەنێک جووڵانەوە و کەمپین دروست بکات، خۆی لە بەرامبەر یاسادا بەرپرسیارە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە گوایە کەمپینێک دروست کراوە بۆ ئەوەی دژی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بوەستێتەوە و کەمپینەکەش لە شاری سلێمانی ڕاگەیاندراوە، ئەگەرچی ئەم کەمپینە کاریگەریی بەسەر ڕیفراندۆمەوە نابێت، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان هۆشداریی دا، کە بانگەشەی لەو شێوەیە خەرقی یاسای کۆمسیۆنە و تا وادەی بانگەشەکردن نابێ ئەو جۆرە هەڵمەتانە هەبن.

بە گوێرەی شارەزایانی سیاسیش ئەو جۆرە کەمپینە هاوکاتە لەگەڵ دژایەتیی (مالیکی) و دارودەستەکەی لە بەغدا بۆ ڕیفراندۆم و دەگوترێت، ئەو کەمپینە دەستێکی سیاسیی دەرەکیی لە پشتە.

(د. ڤالا فەرید)، سەرۆکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەر جووڵانەوە و کەمپینێک و پێکھێنانی هەر گرووپێک دژی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی، پێچەوانەی ھەموو یاسا و ڕێساکانی ناوخۆ و نێودەڵەتییە، چونکە دەبێتە دژایەتیی گەل و نەتەوە و پێچەوانەی پرەنسیپە نیشتمانییەکانە، لەبەر ئەوە ھەرکەس و لایەنێک دەستی تێدا ھەبێت و تێیدا بەشدار بێت، ئەوە یەکەمجار بێویژدانییە لە ھەمبەر خەبات و تێکوشانی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆییدا و، دواتریش سەرپێچیی یاسایە، کە یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەو مافەیان بە ھاووڵاتییانی کوردستان داوە، بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.

(د. ڤالا فەرید) گۆتیشی: ''ئەوەی لێرە و لەوێ باس دەکرێت، کەمپین یان جووڵانەوەی دژی پرسی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی دروست دەکرێت، ئەوە لە ڕووی یاسایییەوە ئەو کەسانە خۆیان بەرپرسن لە ھەر لێپرسینەوەیەک، چونکە کارەکانیان دەچێتە دەرەوەی یاساوە، بەتایبەتی ئەو دەزگای ڕاگەیاندنانەی پڕوپاگەندە بۆ ئەو کەسانە بڵاو دەکەنەوە، پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەریاندا بگرێتەبەر و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.''
kdp-
Top