نوری حەمە عەلی: لەگەڵ گۆڕان لاپەڕەیەکی نوێ دەکەینەوە
پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێستا دەیەوێت ڕیفراندۆم هیچ بەربەستێکی لەبەردەمدا نەبێت، چونکە ئەمە وەک سەروەتێکی نیشتمانیی کوردستانە و دەیەوێت کوردستان لە ٢٥-٩ی ئەمساڵدا بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، لە پاڵ ئەمەیشدا ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان پێ دەنێتە ساڵی سێیەمەوە، بەڵام بۆ ڕیفراندۆم زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتیی پرۆسەکە دەکەن و پێکەوەیش بڕیاری سەرخستیان بۆ داوە، ماوەتەوە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، کە بێنە نێو کەشەکە و لەمەیشیاندا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان گڵۆپی سەوزی بۆ گۆڕان هەڵکردووە، کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بگەڕێتەوە و وەزیرەکانی گۆڕانیش بگەڕێنەوە نێو حکوومەت.
(نوری حەمە عەلی)، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە دڵنیاین گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕاندا دێت بە ئاقاری چارەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پرسە نیشتمانییەکانی وەک بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی، بە خەڵکی کوردستان دەڵێین، ئەو گرێ کوێرانەی پێشتر لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا ھەبوون، ئێستا کراونەتەوە.''
دوێنێ بزووتنەوەی گۆڕان ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکەی هەڵبژارد و ئێستاش گۆڕان دەڵێت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ دەبینەوە، لەبارەی کۆبوونەوەکەوە، (نووری حەمە عەلی) دەڵێت: ''تا پازدە ڕۆژێکی دیکە پێشبینی دەکرێت زۆر شت ڕوو بدات، ئێمە وەک پارتی ھەر لە سەرەتاوە ئامادەبووینە لەگەڵ ھەموو ھێز و لایەنەکان لەپێناو گەیشتن بە پرسە نیشتمانییەکان ڕێککەوتن و دانوستان بکەین، دەربارەی بزووتنەوەی گۆڕانیش ڕاستیەک ھەیە، ئەویش ئێمە ناتوانین لەسەر ڕێککەوتنی پێشوو پێکەوە بەردەوام بین، بەڵام ئامادەشین لاپەڕەیەکی نوێ بکەینەوە و بە ڕێککەوتنی نوێ بچینە نێو پرسی ڕیفڕاندۆم و ھەموو پرسەکانی دیکەوە.''
kdp-
