بارزانی بۆ قوتابییە یەکەمەکان: ئێوە ڕوحی شەھیدانتان شاد کرد و مایەی سەربەرزی و شانازین

 بارزانی بۆ قوتابییە یەکەمەکان: ئێوە ڕوحی شەھیدانتان شاد کرد و مایەی سەربەرزی و شانازین
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە سەلاحەددین، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لە قوتابییە یەکەمەکانی دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦/٧/٢٠١٧ لە سەلاحەددین، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لە قوتابییە یەکەمەکانی دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی کرد.

لەو دیدارەدا کە وەزیری پەروەردە، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان و بەڕێوەبەرانی گشتیی پەروەردەی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و گەرمیان ئامادەی بوون، سەرەتا وەزیری پەروەردە سوپاسی بارزانی کرد، بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەو دیدارە و کورتەیەکی لەسەر پێشکەوتنی پڕۆسەی خوێندن لە کوردستان و ئاستەنگەکان باس کرد.

دواتر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە گوتەیەکدا بەخێرھاتنی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە زۆر خۆشحاڵە بە دیداری ئەو ئازیزانە، پیرۆزبایی لە قوتابییەکان و مامۆستایان کرد، بارزانی ڕای گەیاند: "بۆ من زۆر جێی خۆشحاڵییە کە ژمارەیەکی زۆر کچ لە ڕیزی یەکەمەکانی کوردستاندان و کچی شەھیدێکی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەست ھێناوە، ئێوە ھەمووتان ڕوحی شەھیدانتان شاد کرد و مایەی سەربەرزی و شانازین".

ھەر لە دیدارەکەدا دوو قوتابیی یەکەمی ھەردوو بەشی زانستی و وێژەیی، بەناوی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستانەوە سوپاسی بارزانییان بۆ ئەو پێشوازییە کرد،و سوپاسی مامۆستایانیان کرد کە پشتیوانیان بوونە بۆ ئەو سەرکەوتنەیان، ھەروەھا سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانیان کرد کە لە سایەی ئەوانەوە توانیویانە بە دڵنیاییەوە بخوێنن و بەڵێنیشیان دا کە ھەموو توانا و ھەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی کوردستان و شادکردنی ڕوحی شەھیدان دەبێت.










باسنيوز
Top