پەرلەمانتارێکی هەدەپە پەیامێکی ئۆجەلان بۆ پەکەکە ئاشکرا دەکات
سری سورەییا ئۆندەر، پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاندووە، ئەو کاتەی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان لە زیندانەکەی کردووە، پێی گوتوون پەیامەکەی بگەیەننە سەرکردایەتیی ئەو حزبە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا، ناڕەزایی خۆی لەبارەی هەڵکەندنی خەندەقی لەلایەن پەکەکەوە لە ناوچەی لجێی دیاربەکر و پارێزگای چەولیک نیشانداوە و رایگەیاندووە، ”خەندەق دروستکردن دەستوەردانە لە سەروەریی خاکی تورکیا“.
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بە شاندی هەدەپەی گوتووە، پەیامەکەی بگەیەننە سەرکردایەتیی ئەو حزبە و پێیان بڵێن ”هیچ وڵاتێک دەستوەردان لە سەروەریی خاکەکەی قبوڵ ناکات“ و دوای ئەو پەیامە، پەکەکە وازی لە هەڵکەندنی خەندەق هێناوە.
دوای کوشتنی دوو پۆلیسی تورکیا لە شاری پێرسووس لە مانگی 7ـی 2015 لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە، قۆناغی پرۆسەی ئاشتی کۆتایی هات و شەڕ لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا دەستی پێ کردەوە، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی سێ هەزار کەس لە باکووری کوردستان، کە زۆرینەیان هاووڵاتیی مەدەنی بوون.
باسنيوز
