بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە: کوڕەکەی عەلی باپیر موخالیف بووە و دەستگیر کراوە

 بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە: کوڕەکەی عەلی باپیر موخالیف بووە و دەستگیر کراوە
بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە ئاشکرای کرد کە کوڕەکەی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان سەرپێچی لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەیدا کردووە و بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆکەوە دەستگیر کراوە.

کوڕەکەی عەلی باپیر لە کاتی ڕووداوەکەدا ئۆتۆمبێلێکی (تویوتا - لاندکروزەر)ی مۆدێل بەرزی لابووە و تووشی پێکدادان بووە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی (تویوتا - کرۆلا)ی تاکسی و منداڵێکی پیادەش لە نزیک ڕووداوەکە بووە.

لەمبارەیەوە شۆڕش کاکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە ڕایگەیاند، ڕووداوەکە لە سنووری ئەوان ڕووی داوە و بەهۆیەوە هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەداوە، بەڵام 4 کەس بریندار بوون. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”شۆفێری تویوتا لاندکروزەرەکە موخالیف بووە و ئێستا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە“.

لەبارەی شێوازی ئازادکردنیشی بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە ڕایگەیاند: ”ئەو شۆفێرە بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کراوە و هەرچەندە دەشکرێ کە بە کەفالەت ئازاد بکرێت، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دادوەر دەیهێڵێتەوە“.

پێشتر بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆ کە تووشی کوڕێکی عەلی باپیر بووە، چەند کەسێک بریندار بوون و نووسینگەی عەلی باپیریش ئەوەیان ڕایگەیاندبوو کە بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی (پار) و (سەردەم) لە شاری هەولێر چارەسەر دەکرێن.













باسنیوز
Top