سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان توێژینەوەیەک بۆ بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجام دەدات
سکرتێری قوتابیانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە خەریکی ئامادەکردنی توێژینەوەیەکن بۆ خستنەڕووی خاڵە نەرێنییەکانی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بۆ وەرگرتنی پارە لە قوتابیانی بەشە ناوخۆییەکان.
نێچیروان حوسێن، سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، ڕاگەیاند: "بۆ ساڵی نوێی خوێندن داوام لە بەشی توێژینەوە و پێگەیاندنی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان کردووە، لەسەر بابەتی وەرگرتنی پارە لە قوتابیانی بەشەناوخۆییەکان توێژینەوەیەکی ورد ئامادە بکەن، چونکە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە، باوەڕمان بە نوسراو نەماوە بۆ ئەوەی ئاراستەی لایەنەکانی بکەین".
سکرتێری یەکێتیی قوتابیان، ئەوەشی خستەڕوو: "توێژینەوەکە لایەنە نەرێنیەکانی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەر قوتابی و خێزانەکانیان دەخاتەڕوو، چونکە قوتابیان لە ڕووی داراییەوە پشت بە داھاتی خێزانەکانیان دەبەستن، ھەر بۆیە فشاریان لەسەر دروست بووە و ژمارەیەک قوتابی بەو ھۆیەوە وازیان لە خوێندن ھێناوە".
جەختیشی لەوە کردەوە: "توێژینەوەکەمان ئەنجامی باشی دەبێت و گوێی لێ دەگیرێت، لە ئەگەر گوێ پێنەدانیشیدا ھەڵوێستی دیکەیان دەبێت، ڕێگای دیکە بۆ لابردنی بڕیارەکە دەگرنەبەر".
پێشتر سکرتارییەتی قوتابیانی کوردستان نوسراوی فەرمی ئاراستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، بۆ لابردنی بڕیاری وەرگرتنی پارە لە قوتابیانی بەشە ناوخۆییەکان، نێچیروان حوسیًَن ئاماژی بەوە کرد "کە وەزیری خوێندنی باڵا ھۆکار بووە بۆ ئەوەی کە بڕیارەکە لانەبرێت و بڕوای بە سەرۆکی حکوومەت ھێناوە کە بۆ ئیدارەدانی بەشەناوخۆیەکان بڕیارەکە پێویستە".
BAS NEWS-
