سەلام حوسێن: وەرزشوانانی كوردستان پشتگیری لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەكەن
(سەلام حوسێن)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ریفراندۆم مافێكی رەوا و یاسایی هەموو مرۆڤێكە لە جیهاندا، بە تایبەت گەلی كورد كە ماوەیەكی یەكجار زۆرە لەو مافە رەوایە بێبەشە، بەڵام وەرزشوانانی كوردستان لە هەموو توێژێك زیاتر پێویستیان بە ریفراندۆم و سەربەخۆییە، چونكە لە مافی ئاسایی خۆیان و لە بەشداریكردن لە پاڵەوانییەتییە نێودەوڵەتییەكانی جیهان بێبەشن، بە هۆی ئەوەی بە وەرزشوانی پلە دوو حیساب دەكرێن لە عێراق و ناتوانن لە هەڵبژاردەكانی عێراق ئەو مافە وەرگرن، بەڵام ئەگەر بێت و سەربەخۆ بین، دەتوانین لە هەموو پاڵەوانییەتییەكاندا بەشدار بین و یەكێتییەكانمان دەبێتە ئەندام لە یەكێتییەكانی ئاسیا و جیهانییەكانیش."
سكرتێری یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "بە دڵنیاییەوە ئێمە میللەتێكی خۆڕاگرین و ماوەی سەدان ساڵە دەچەوسێنرێینەوە و خەڵكمان لێ شەهید و ئەنفال دەكرێن، بەڵام ئەگەر لە ریفراندۆمدا بۆ ماوەیەكی كەم خۆڕاگر بین، بێگومان هەموو دونیا ددانمان پێدا دەنێ و دەبینە وڵاتێكی سەربەخۆ."
(حوسێن) گوتیشی: "وەك وەرزشوانێك ئاوات و ئارەزووی من ئەوەیە رۆژێك لە رۆژان ببینم هەڵبژاردەكانی كوردستان بە سروود و ئاڵای خۆمان بەشداری لە چالاكییە نێودەوڵەتییەكان و فێستیڤاڵەكاندا بكەن، لەو پێناوەشدا دەنگی ئێمە (بەڵێ)ـیە و دڵنیایشم وەرزشوانان پشتگیری لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەكەن".
KDP-
