زۆربەی بەڕێوەبەرە گشتییەكانی دهۆك دەگۆڕدرێن
(ئیدریس ھەركی)، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بڕیارە ژمارەیەكی بەرچاو لە بەڕێوەبەری گشتی و قایمقامەكانی سنووری پارێزگای دھۆك بگوڕدرێن و كەسی نوێ شوێنیان پڕ بكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش ئێمە لە ئەنجوومەن چاوەڕێی گەییشتنی ناوی كاندیدانین بە گوێرەی یاسای ژمارەی ٣ـی ساڵی ٢٠٠٩، بەڵام تا ئێستا ھیچ ناوێك بۆ ھیچ پۆستێك نەگەییشتووەتە ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك".
پێشتریش لە سنووری پارێزگای دھۆك گۆڕانكاری لە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەكاندا كرا و، پۆستی چەند بەڕێوەبەرێكی شارەكەیش بە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دراوە.
(ھەركی) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، "ئەو بەڕێوەبەر و قایمقامانەی چوار ساڵە لە پۆستەكانیانن، زیاتر گۆڕانكارییەكە دەیانگرێتەوە، بە گوێرەی یاسا سیڤی رەوانەی پارێزگا دەكرێن و ھەر كەسێك مەرجی یاسایی تێدا بێت، مافی ئەوەی ھەیە سیڤی پێشكەش بكات، بەڵام جارێ نازانرێ ژمارەی ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرانە چەندن كە بەر گۆڕانكارییەكە دەكەون، تەنیا دەتوانم ئەوە بڵێم كە، بە دڵنیاییەوە گۆڕانكارییەكە بەڕێوەیە".
KDP-
