د. بوخاری: هێرشەكانی مالیكی بۆ سەر پێشمەرگە مەرامی لە پشتە

 	 د. بوخاری: هێرشەكانی مالیكی بۆ سەر پێشمەرگە مەرامی لە پشتە
شرۆڤەكارێك ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ھێرشەكانی (نووری مالیكی) بۆ سەر ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، زاڵمانەیە و (مالیكی) بۆ ئەوەی گرێبەستی كڕینی چەك لەگەڵ ڕووسیا واژۆ بكات، دەیەوێت لەوێوە ھێرش بكاتە سەر پێشمەرگە.

(نووری مالیكی) لە نوێترین لێدوانیدا بۆ ئاژانسی سپۆتنیكی ڕووسیا، وەك پیشەی ھەمیشەیی ھێرشی كردە سەر ھەرێمی كوردستان، بەوەی كە گوایە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕۆڵی لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا نەبووە.

شرۆڤەكار و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دكتۆر (بوخاری عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ھێرشەكانی (نووری مالیكی) بۆ سەر ھێزی پێشمەرگە زاڵمانەیە و مەرامی لە پشتە، چونكە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكەم ھێز بوو لە عێراق داعشی تێك شكاند و ھەموو جیھان شایەدی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەن، بە درێژایی زیاتر لە ھەزار كیلۆمەتر پێشمەرگە سەنگەری بەرانبەر بە داعش گرتووە و توانی ھەموو خاكی كوردستان لەو گرووپە تیرۆریستییەی كە سەردەمی (مالیكی) عێراقیان داگیر كردبوو، كۆنتڕۆڵ بكاتەوە، لەو پێناوەدا پێشمەرگە سەدان قوربانیی بەخشیوە و ئێستاش بۆ ئازادكردنی ھەر شوێنێكی عێراق لە دەستی داعش ئامادەیە.''

(عەبدوڵڵا) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: ''ھۆكاری ھێرشەكانی (مالیكی) لە ڕووسیاوە بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە؛ یەكەمیان، دەیەوێت حەشدی شەعبی بەگژ ھەرێمی كوردستاندا بکات و، دووەمیش ناوبراو بۆ كڕینی چەك چووەتە مۆسكۆ و دەیەوێت بۆ بەدەستھێنانی گرێبەستی كڕینی چەك، ھێرش بكاتە سەر پێشمەرگە و ھەرێمی كوردستان.''
KDP-
Top