کوردانی سۆڤییەتی پێشوو پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەن

 	 کوردانی سۆڤییەتی پێشوو پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەن
شازدە ڕێکخراوی کوردانی سۆڤییەتی پێشوو لە حەفت وڵاتی یەکێتیی سۆڤییەتی پێشوو (ڕووسیا، قیرغیغستان، کازاخستان، جۆرجیا، ئەرمەنستان، ئازەربایجان و ئۆکرانیا) پشتگیری خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەردەبڕن و ئەندامێکی بەڕێوبەری یەکێتیی هەر شازدە ڕێکخراوەکە دەڵێت، بەردەوام دەبن لە پشتگیری بۆ ڕیفراندۆمەکەی هەرێم، چونکە ئەمە خەونی تەواوی گەلی کوردە.

ڕۆژی (٧-٦-٢٠١٧)، (مەسعوود بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی بەشدار لە حكوومەت و پەرلەمان كۆ بووەوە و ڕۆژی (٢٥-٩-٢٠١٧) بە وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاری كرا.

(یۆرا نەبەیڤ)، ئەندامی بەڕێوبەری یەکێتیی شازدە ڕێکخراوەکە و جێگری سه‌رۆكی فیدراسیۆنی كۆمه‌ڵه‌ كوردییه‌كانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''پێشتریش ئێمە هاتووین بۆ کوردستان و کوردستان خاکی ئێمەیە و لە هەر کوچە و کۆڵانێکی دنیادا بێن پشتگیریی ڕیفراندۆمەکەی هەرێم دەکەین. ئێمە دەنگی کوردانمان گەیاندووەتە بەرپرسانی ڕووسیا و چەندین وڵاتی سۆڤییەت. ئێمە ڕامانگەیاند، دەوڵەتی کوردستان زیان بە چ لایەن و وڵاتیک ناگەیەنیت و دەڤێت ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستان بێت و ئەوانیش ڕایگەیاندووە، دژی هیچ لایەنێک نین، پێویستە گەل بڕیاری خۆی بدات، پێشوازی لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دەکەن و پشتیوانیشی دەکەن.''

(یورا نەبەیڤ) ئاماژەی دا: ''کورد زیاتر لە ٥٠ ملیۆن کەسە و خەبات و تێکۆشانێکی زۆری کردووە و تا ئێستا نەبووەتە خاوەن وڵات، ئەمەش غەدرێکی زۆر گەورەیە، کە تا ئێستا کورد لەم مافە بێبەش بووە و کوردان لە پێش جیهانەوە جەنگیان لە دژی داعش کردووە و خۆینی زۆر پێشمەرگە ڕژاوە و ئوستوورەی داعش تێک شکێنراوە، پیویستە کوردیش وەک هەموو وڵاتان مافی خۆی هەبێت.''

(یورا نەبەیڤ) گوتیشی: ''ئێمەش وەک ڕێکخراوەکانی جڤاکی و مافی مرۆڤ ئامادەینە بە ڕێی دیپلۆماسی و بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی خۆمان بۆ ڕیفراندۆم ڕابگەیەنین و پێشتریش لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بووینەوە و پشتگیریی خۆمان بۆ هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ڕاگەیاندووە.''

ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کورد لە وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو دەژین و لە ساڵی (٧-٧-١٩٢٣)ەوە بریاری هەرێمێک لە سۆڤییەت بۆ کوردان درا، کە بە (کوردستانی سوور) ناسرا و (لاچین) پایتەختەکەی بوو.

KDP-
Top