رێبوار تاڵەبانی: سبەینێ لە دادگا دەبم

رێبوار تاڵەبانی: سبەینێ لە دادگا دەبم
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای کرد، بڕیارە سبەی یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی لەسەر ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەڕێوە بچێت و لە بەردەم دادگا ئامادە دەبێت.

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری ھەڵکردنی ئاڵای کوردستانی لەسەر بینا حکوومییەکانی کەرکووک، ھاوشێوەی ئاڵای عێراق دا و ئەمەش وای کرد کە زۆرینەی خەڵکی کەرکووک دڵخۆش بن، تەنیا بەشێک لە تورکمانەکان نەبێت سکاڵایان لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەوەکالەت تۆمار کرد.

لەو بارەیەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت، (رێبوار تاڵەبانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ پارێزەرەکانی من چوونەتە بەغدا و بڕیارە سبەی منیش لە بەردەم دادگا ئامادە بم، لەبارەی ئەو سکاڵایەی لەبارەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر من تۆمار کراوە.''

(رێبوار تاڵەبانی) گوتی: ''منیش سکاڵام تۆمار کردووە و ئەوەم ڕەت کردووەتەوە، کە ئەو پرسە لە دەسەڵاتی دادگای قەزای ئیداریی بەغدادا بێت، بۆیە ئەگەر وەڵامی ئێمە بدرێتەوە، ئەو دۆسیەیە کۆتایی پێ دێت.''

(تاڵەبانی) ڕوونیشی کردەوە: ''پێشتر بڕیار بوو یەکەم دانیشتنی دادگایکردنم بەڕێوە بچێت، بەڵام دادگا داوای کرد دیراسەی ئەو کەیسە بکات، بۆیە بۆ سبەی دووشەممەی دواخست.''

KDP-
Top