موسەنا ئەمین: عێراق ئەگەر قەرز نەکات توانای پێدانی مووچەی مانگی 11 و 12ی نابێت
موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 23/7/2017ی سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆک لێژنەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێکی دیاری کراو کرا، یەکێک لەوانەش بوودجەی تەواوکاری بوو، کە بڕیارە پشکی ھەرێمی کوردستانی تێدا مسۆگەر بێت، کە ئێستا وەک پڕۆژەیەک بۆ پەرلەمان ھاتووە".
ئەندامەکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، ئەوەشی خستەڕوو: "بەپێی ئەو بوودجەیە بێت کە بۆ پەرلەمانی عێراق ھاتووە، ئەوە دەسەلمێنێت، کە عێراق لە بارێکی دارایی قورس دایە و ئەگەر قەرز نەکات، ئەوا ناتوانێت مووچەی مانگی 11 و 12ی 2017 بۆ خەڵک دابین بکات، بۆ ئەوەش پێویستی بەوە ھەیە، کە گۆڕانکاری لە سیستەمی دارایی و جۆریەتیدا بکات".
موسەنا ئەمین، ئاشکراشی کرد: "کە بڕیارە عێراق لە 2ی ئابی 2017 لەگەڵ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتی ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی قەرزی لێ وەربگرێت، بەڵام سندوقی نێودەوڵەتی مەرجی خۆی بۆ پێدانی قەرز بە عێراق ھەیە".
پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو، روونیشی کردەوە: "حکوومەتی عێراق، دەیەوێت ئەو پڕۆژەیەی ڕەوانەی پەرلەمان کراوە تێی پەڕێنرێت، بەڵام ئێمە وەک کورد بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدەین، مەرجمان ھەیە، ئەویش مسۆگەرکردنی مافی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەشە دەرمانە".
باسنيوز
