دڵشاد شەهاب: شاندی یەکێتی ھیچ پەیامێکی ئێرانیان پێ ڕانەگەیاندین
دڵشاد شەھاب، ئەندامی شاندی پارتی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە 23/7/2017 لەگەڵ یەکێتی، ڕایگەیاند: ”ئێستا ئەوەی بەلای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گرنگە، پرسی ڕیفراندۆمە کە پرسێکی چارەنووسسازە لە گۆڕەپانەکەدا، ئەوەش وەک ھۆکارێکە نەک ئامانج، ھەرچەندە خوێندنەوەی دیکە بۆ ئەوە دەکرێت و وا سەیر دەکرێت کە ڕیفراندۆم ئامانجی ئێمەیە، نەخێر، بەڵکوو ڕیفراندۆم بە ھۆکارێک بۆ بەدیھێنانی ئامانجی ھەرێمی کوردستان و میللەتێک دەزانین".
ئەوەشی ڕەت کردەوە کە شاندەکەی یەکێتی ھیچ پەیامێکی ئێرانیان بۆ پارتی بردبێت و ڕای گەیاند: ”ھەموو ئەو پرسانەی کە گرێدراون بە سەرخستنی پرسی ڕیفراندۆم، بەلای ئێمەوە پرسی گرنگن، لەگەڵ ئەوانەشدا کارا کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەست بەکاربوونەوەی، ھەروەھا ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن، ھەموو ئەوانە لە ئەولەویەتی کاری ئێمەن بۆ ئەوەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی سەربخەین“.
دوای گەڕانەوەی شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ئێران، سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیان کرد و ئەمڕۆش شاندەکەی یەکێتی، سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد.
باسنیوز
