دڵشاد شەهاب: شاندی یەکێتی ھیچ پەیامێکی ئێرانیان پێ ڕانەگەیاندین

 دڵشاد شەهاب: شاندی یەکێتی ھیچ پەیامێکی ئێرانیان پێ ڕانەگەیاندین
ئەندامێکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هیچ پەیامێکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە پارتی نەداوە.

دڵشاد شەھاب، ئەندامی شاندی پارتی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە 23/7/2017 لەگەڵ یەکێتی، ڕایگەیاند: ”ئێستا ئەوەی بەلای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گرنگە، پرسی ڕیفراندۆمە کە پرسێکی چارەنووسسازە لە گۆڕەپانەکەدا، ئەوەش وەک ھۆکارێکە نەک ئامانج، ھەرچەندە خوێندنەوەی دیکە بۆ ئەوە دەکرێت و وا سەیر دەکرێت کە ڕیفراندۆم ئامانجی ئێمەیە، نەخێر، بەڵکوو ڕیفراندۆم بە ھۆکارێک بۆ بەدیھێنانی ئامانجی ھەرێمی کوردستان و میللەتێک دەزانین".

ئەوەشی ڕەت کردەوە کە شاندەکەی یەکێتی ھیچ پەیامێکی ئێرانیان بۆ پارتی بردبێت و ڕای گەیاند: ”ھەموو ئەو پرسانەی کە گرێدراون بە سەرخستنی پرسی ڕیفراندۆم، بەلای ئێمەوە پرسی گرنگن، لەگەڵ ئەوانەشدا کارا کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەست بەکاربوونەوەی، ھەروەھا ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن، ھەموو ئەوانە لە ئەولەویەتی کاری ئێمەن بۆ ئەوەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی سەربخەین“.

دوای گەڕانەوەی شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ئێران، سەردانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیان کرد و ئەمڕۆش شاندەکەی یەکێتی، سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد.














باسنیوز
Top