"منداڵە رفێندراوەکانی کوردانی ئێزدی زمانی دایکیان لەبیر کردووە"

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، ئاماژە بەوە دەدات کە بەشێک زۆر لە منداڵە کوردە ئێزدییە رفێندراوەکان، زمانی دایکیان برچووە، زۆرجاران لەکاتی رزگارکردنیان، ناوی خۆیان و باوک و دایکیان لەبیر کردووە و نایزانن.



سەیدۆ چەتۆ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، راگەیاند: "ئەوە بۆ سێ ساڵ دەچێت تیرۆریستانی داعش، مێشکی منداڵەکانی ئێمە دەشۆنەوە و فێری کاری توندوتێژی و خراپیان دەکەن، زۆرجاران ئەو منداڵانەی کە رزگار دەکرێن، ناوی خۆیان لەبیر کردووە، کە دوای ئەوەی لە کارەساتی شنگال 3/8/2014 رفێندراون، تەنانەت ناوی دایک و باوکیشیان لەبیر کردووە و نازانن".



ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، ئەوەشی روون کردەوە: "زۆر پێویست و گرنگە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەنتەرێکی تایبەت بۆ پەروەردەکردنی ئەو منداڵە رفێندراوانە بکاتەوە، چونکە دوای رزگارکردنیان کاریگەری تیرۆر و رفاندنیان لەمێشک دەمێنێت، داواکارین گشت رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان خۆیان لە ئاست ئەو منداڵانە بە خاوەن بزانن".

bas news-
Top