میدیاکاران و هاووڵاتییانی کورد لە بەغدا ئاگادار دەکرێنەوە

 میدیاکاران و هاووڵاتییانی کورد لە بەغدا ئاگادار دەکرێنەوە
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات ڕۆژنامەنووسانی کورد لە بەغدا بەهۆی کوردبوونیانەوە ژیانیان لە مەترسی دایە، هاوکات ئامارێکی مەترسیدار لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە عێراق بڵاو دەکاتەوە.

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێژنەی ئاسایش و بەرگری گوتی: "سەباح زەنگەنە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندنە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی هەینیی ڕابردوو لەلایەن ملیشیاکانەوە رفێندراوە و دوای ماوەی پێنج ڕۆژ ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئازادیان کراوە".

ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەدا گوتیشی: "دوای لێکۆڵینەوە بۆم دەرکەوت تەنیا بۆ ئەوەی پۆستەکەی جێ بهێلێت رفاندوویانە و دواجاریش کە ئازادیان کردووە پێیان گوتووە دەبێ تۆ کوردی بەغدا بەجێ بهێڵیت، ئەگینا ئەم جارە دەتکوژین".

شاخەوان عەبدوڵا، ئاماژە بەوەش: "لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر بارەگای میدیا کوردییەکان و هەرەشە کردن لە کارمەندەکانیان دەنگی کورد لە بەغدا ببڕن، جگە لەمە ئەوەی مایەی مەترسییە دوایین ئاماری دیاردەی رفاندن و کوشتن کە رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو گەیشتە دەستمان، ئەوەمان پێدەڵێت دۆخەکە زۆر خراپە و پایتەخت لەژێر کەنترۆڵی دەوڵەتدا نییە".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ڕوون کردەوە: "لە ساڵی (2015)،(524) حاڵەتی رفاندن و (875) حاڵەتی کوشتن تۆمار کراوە، لە ساڵی (2016)، (354) حاڵەتی ڕفاندن و (518) حاڵەتی کوشتن تۆمار کراوە، لە ساڵی (2017)، تەنیا لە شەش مانگی رابردوودا (200) حاڵەتی رفاندن و نزیک لەو ژمارەش کوشتن تۆمار کراوە. ئەم رێژەیە تەنیا ئەوانەیە کە سکاڵا لەلایەن کەسوکارەکانیان تۆمار کراوە، بێگومان سەدان دیاردەی لەو شێوەش هەبوە نەیانوێراوە سکاڵا تۆمار بکەن".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئەوەش دەخاتەڕوو: "لە کۆی ئەم رێژەیە 80% لەناو بەغدا رویان داوە، لێرەوە داوا لە سەرجەم میدیا کوردییەکانی بەغدا دەکەم لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندەکانیان ڕووداوەکانی ناوشار کەمتر بگوازنەوە، یان خود زانیارییەکان لەرێگەی تەلەفۆنەوە وەربگرن، هەمان داواکاریشم بۆ خەڵک و فەرمانبەرانی کوردی بەغداش هەیە".












باسنیوز
Top