پسپۆڕێکی یاسای دەستووری: پەیامەکەی بارزانی بە ڕوونی پێشێلکارییەکانی عێراقی خستە ڕوو

 پسپۆڕێکی یاسای دەستووری: پەیامەکەی بارزانی بە ڕوونی پێشێلکارییەکانی عێراقی خستە ڕوو
مامۆستایەکی زانکۆ و شارەزا لە یاسای دەستووری ڕای دەگەیەنێت، حکوومەتی عێراق مەبەستی ھەبووە کە دەسەڵاتی کوردی لە عێراق کەم کردووەتەوە و ئەمەش پێشێلکردنی بنەمای فیدراڵییە.



مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕێکەوتی 2017/7/19 پەیامێکی بڵاو کردەوە، لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە: "عێراق پێچەوانەی دەستوور ھەوڵی دەدات بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی پێشێل بکات، یان جێبەجێی نەکات".



د. بەھجەت ئاکرێی، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە یاسای دەستووری ڕاگەیاند: "دەستووری عێراق کەلە ساڵی 2005دا دەرچووە، ھیچ مادەیەکی دەستووری وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە، بەتایبەت مادەی 140ی دەستوور تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، ھەروەھا ئەو مافانەی کە لە دەستووردا بۆ ھەرێمی کوردستان دانراون، لەوانە (بودجە) پێشێل کراوە، ھەرچەندە دەبێ دەستوورەکە دەستوورێکی فیدراڵیی ئیتحادی بێت".



ئەو مامۆستای زانکۆیە دەشڵێت: "دەبێ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەپێی ھەڵبژاردن بێت، بەڵام عەرەبە شیعەکان دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیان بۆ خۆیان یەکلایی کردووەتەوە، ئەوەش جۆرێکە لە پێشێلکردنی دەستووری، بۆیە نابێت بەردەوام ئەو پۆستە لە دەست عەرەبە شیعەکان بێت".



ئەو مامۆستایە باسی لەوەش کرد، پۆستی جێگری ئەنجومەنی وەزیران پشکی کورد بووە، بەڵام دەرکراون و سەرەڕای ئەوەش وەزیری دارایی و وەزیری دەرەوە بە تۆمەتی جۆراوجۆر فایلیان بۆ کرایەوە و پۆستەکانیان لێ وەرگیرایەوە، ئامانج لەو کارانەی حکوومەتی عێراق، کەمکردنەوەی دەسەڵاتی کورد بووە لەناو حکوومەتی عێراقدا".



لە کۆتاییشدا ئەو مامۆستایەی زانکۆ جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بە ڕوونی پێشێلکارییەکانی عێراقی خستووەتە ڕوو، بە تایبەتیش لە بارەی پێشێلکردنی بنەمای فیدراڵی.





باسنیوز
Top