ئۆرەیی: پارتی بیانوویی بۆ هیچ لایەنێك نەهێشتەوە.. ئەورووپا پشتگیریمان دەكات

 	 ئۆرەیی: پارتی بیانوویی بۆ هیچ لایەنێك نەهێشتەوە.. ئەورووپا پشتگیریمان دەكات
بەرپرسی لقی 18ـی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی سەركردایەتیی ئەو حزبە لە ئامێدی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بەرەو ئامانجێكی گەورە هەنگاو دەنێت، ئەویش ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانە، سەردانی شاندی باڵای ریفراندۆمیش بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەورووپا، ئامانجێكی مەزنی پێكا.

لە 11ـی ئەم مانگەدا، لیژنەی باڵای ریفراندۆم كە پێك هاتووە لە نوێنەری هەموو لایەنەكان و پێكهاتەكان، بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بڕۆكسلیان كرد و لەگەڵ سەركردەكانی ئەو وڵاتە و یەكێتیی ئەورووپادا كۆ بوونەوە، بە بڕوای چاودێران و ئەندامانی كۆمیتەكە، لەو سەردانەدا كورد ئەوەی ویستی، توانی بە دەستی بهێنێت.

(عومەر ئۆرەیی) بەرپرسی لقی 18ـی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی سەركردایەتیی ئەو حزبە لە ئامێدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونی كردەوە، "ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بەرەو ئامانجێكی گەورە هەنگاو دەنێت، خەڵكی سنووری ئامێدی لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستاندان و پشتگیری لەو پرسە چارەنووسازە دەكەن".

(ئۆرەیی) ئەوەیشی گوت، "شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی)، داوای گەلەكەی خۆی گەیاندە یەكێتیی ئەورووپا، ئەوانیش پێشوازییان لە داوای گەلی كوردستان كرد و پشتگیریی خۆیان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەربڕی، بۆیە ئەو ئامانجەی ئەو شاندە بۆی چووبوو، هاتە دی".

ئەو هەروەها ئاماژەی دا، پارتی بە كاراكردنەوەی پەرلەمان بە بێ مەرج، هیچ بیانوویەكی بۆ هیچ لایەنێك نەهێشتەوە، لێرەدا دیار دەبێت، ئەگەر بۆ ئەو لایەنانە ریفراندۆم پرسێكی چارەنووسساز و گرنگە، دێنە پێشەوە و دەست لەناو دەستی لایەنەكانی دیكە دەنێن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بە ئامانجەكانی خۆی بگات".
kdp-
Top