وەزارەتی کاروباری شەھیدان یادی ئەنفالی بارزانییەکان دەکاتەوە

 	 وەزارەتی کاروباری شەھیدان یادی ئەنفالی بارزانییەکان دەکاتەوە
وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ئامادەکاری بۆ یادکردنەوەی ئەنفالی بارزانییەکان دەکات و بەڕێوەبەری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی بارزانیش دەڵێت، ھەموو ئامادەکارییەک بۆ یادەکە کراوە.

لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١/٧/١٩٨٣دا ڕژێمی لەناوچووی بەعس بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (سەددام حوسێن)، سەرۆکی ئەوکاتی عێراق، ھەڵمەتێکی ڕەشبگیری دژی ھاووڵاتییانی سڤیلی بارزانی دەست پێ کرد و، تا ڕۆژی ١٠ی ئاب درێژەی کێشا، لەو ھەڵمەتەدا ڕژێمی بەعس ھەشت ھەزار مرۆڤی بێتاوانی بارزانیی لە کۆمەڵگە زۆرەملێکانی (بەحرکە، قوشتەپە، ھەریر و دیانا) ئەنفال کرد، کە بەرەو بیابانەکانی عێراق گواسترانەوە و داوتر زیندەبەچاڵ کران.

(ڕێبوار ڕەمەزان)، بەڕێوەبەری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی بارزان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە دیوانی قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر کۆبوونەوەیەکی بەرفراون لەبارەی خۆئامادەکردن بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی یادی ئەنفالی بارزانییەکان بەڕێوەچوو، تێیدا بڕیار درا، ئێوارەی ڕۆژی ٣١/٧ ڕێوڕەسمێکی شایستە بۆ یادی ئەنفالی
بارزانییەکان لە بارزان بەڕێوە بچێت، کە ھەموو ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی ئەم یادە کراوە و لە ڕۆژانی داھاتووشدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراون کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجام دەدەین.''

(ڕێبوار ڕەمەزان) گوتیشی: ''لە ڕێوڕەسمی یادی ئەنفالی بارزانییەکاندا لەسەر ئاستی باڵا بەشداری دەکرێت و کونسووڵخانە و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان داوەت دەکرێن، جگە لە پێشکەشکردنی چەندین وتار، چەندین چالاکیی ھونەریی پەیوەندیدار بە یادی ئەنفالیش بەڕێوە دەچن.''

جێی ئاماژەیە لە کۆی ھەشت ھەزار ئەنفالی بارزانی تا ئێستا ڕۆفاتی نیزیکەی ٦٠٠ ئەنفالکراو گەڕێندراونەتەوە ھەرێمی کوردستان و لە زێدی خۆیان لە دەڤەری بارزان لە گۆڕستانێکی تایبەتدا نێژراون.
kdp-
Top