کەمئەندامان: دەنگی خۆمان دهخەینە پاڵ ئەو دەنگانەی داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکەن
ئەنجوومەنی کۆمەڵە و رێکخراوە کەمئەندامیەکانی کوردستان لە یاداشتێکیاندا پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆسەی ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی کوردستان رایدەگەیەنن، كه وێنەیەک لە پشتیوانی ئەنجوومەکە گەیشتووتە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان و تێدا ھاتووە، "ئێمە پشتگیری ریفڕاندۆم دەکەین بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بەمافی خۆمانی دەزانین خۆمان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین و بەگرنگیەوە بڕوانینە ئەم پرسە كه میللەتی کورد چەندین ساڵە خەباتی بۆ دەکات و لەو پێناوەشدا چەندین شەھید و قوربانی و ماڵوێرانی دیوە، ھەر لە کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەنفالکردنی بارزانیەکان و ئەنفالی گەرمیان و خاپوورکردنی زیاتر لە چوار ھەزار گوندی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی یاداشتهکەیاندا ھاتووە، "ئێمە وەک چین و توێژەکانی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت بەمافی رەوای خۆمانى دەزانین وەک گەلانی دیکەی جیھان ببین بە دەوڵەت و خاوەن کیانێکی سەربەخۆ، لەبەر ئەوەش داوا لە گشت چین و توێژەکان بەتایبەتی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەین لە رۆژی ٢٥ی ئەیلوول بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن، ئەوەش ھەمووی لەپێناو بەدەستھێنانی ئامانج و ئاواتی خەڵکی کوردستان.
لای خۆشیەوە (عادل زوبێ)ر، ئەندامی کۆمەڵەی ژینى کەمئەندامان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی رایگەیاند، "زۆربەی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت ئامادەیی خۆیان نیشانداوە لە رۆژی ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفڕاندۆم بەشداری تێدا بکەن و دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ ئەو دەنگانەی داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، چونکە ئێمەش وەک چینێکی گرنگی نێو کۆمەڵگە ھەمیشە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکاندا جێی پەنجەمان دیاربووە.
kdp -
