د. مەحموود: جێبهجێکردنی دەستوور زامنی مانەوەی عێراق بوو.. دژوار فایەق: عێراق ھەڵدەوەشێتەوە
(دکتۆر مەحموود عوسمان)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتى، "کاتێک ئێمە دەستوورمان نووسیەوە لە دیباجەی دەستووردا ھاتووە، پاراستن و جێبهجێکردنی ئەم دەستوورە زامنی مانەوەی عێراقە، ئێ خۆ عێراق دەستووری جێبەجێنەکرد، مادام دەستوور جێبەجێنەکرا، ئەوە ھەر پێکھاتەیەکی عێراق مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بڕیاری خۆی لەدەست خۆیەتی، ئەوەیشی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەندێ سەرکردەی عێراقی باسی لێوەدەکەن دەستوور رێگرە لە ریفڕاندۆم ئەوە ھیچ راستی تێدانیە و دەستوور بۆچی رێگرە؟، دەستوور رێگەی داوە ھەرێمی کوردستان دوای جێبەجێنەکردنی دەستوور بڕیاری خۆی بدات.
(مەحموود عوسمان) گوتیشى، "خەڵکی کوردستان لەڕووی یاسایی و مرۆڤبوونەوە مافی خۆیەتی پڕۆسەی ریفڕاندۆم ئەنجامبدات و عێراق دەتوانێ کێشەمان بۆ دروستبکات، بەڵام ناتوانێ رێگریمان لێ بکات، جارێ لە ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەکمان نییە بۆ ئەنجامدانی ریفڕاندۆم.
ئهو سیاسهت مهدارهى كورد دهشڵێ، "ئەنجامدانی ریفڕاندۆم و بڕیاری سەربەخۆیی پرسێکی نێوخۆیی ھەرێمی کوردستانە و ئەوهندەی پەیوەستە بە یەکڕیزی ھێز و لایەنە سیاسیەکانى کوردستانەوە ئەوەندە پەیوەندی بە عێراقەوە نییه، لەبەر ئەوە ئەگەر ئێمە کێشە نێوخۆیەکان چارەسەربکەین و ھەموومان کۆکبین لەسەر ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی کوردستان ئەو لێدوان و ھەڕەشانەی لەدەرەوە بۆمان دێن کاریگەریان نابێت و خۆمان دەتوانین بڕیاری خۆمان بدەین.
(دژوار فایەق) چاودێری سیاسى پهیوهست بهو پرسه، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتى، "یەکێک لەو ماددە دەستووریانەی جێبەجێنەکراوه، کێشەی ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ کە بەداخەوە زیاتر لە سەد ساڵە لەسەر دەستی رژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق زوڵمیان لێدەکرێت، ئێمە چاوەڕێ بووین دوای کۆتایی هاتنى رژێمی بەعس کۆتایی بەو غەدرە بێت، بەڵام قەدەری خەڵکی ناوچەکەیە دوای لەنێوچوونی بهعسیش ئەو بەدبەختیە کۆتایی نەھاتووە، خەڵکی ناوچە کوردستانیەکان چاوەڕێ بوون لە رێگەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بڕیاری خۆیان بدەن و بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵام چونکە زۆربەی خەڵکی ناوچەکە کوردن و حکوومەتی بەغدا لەوە دڵنیابوون دەنگ به گەڕانەوەی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەدەن ئامادەنەبوو دەستوور جێبەجێبکات.
(دژوار فایەق) گوتیشى، "باشترین چارەسەر بۆ کۆتایی ھێنان بە کێشەی ئەو ناوچانە ئەنجامدانی ریفڕاندۆمە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، بە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەو غەدرەی سەد ساڵە لەو ناوچانە دەکرێت کۆتایی دێت و باشترین رێگەی ئاشتی و یاسایی و سەردەمیانەیە خەڵکەکە خۆی بڕیاری خۆی بدات.
ئەو چاودێرە سیاسیە دهشڵێ، "عێراق لەسەر بنەمای دەستوور پێکھاتووە و بەجێبەجێنەکردنی دەستووریش ئهوا عێراق ھەڵدەوەشێتەوە، خۆ ھەرێمی کوردستانیش داوای شتێکی نەکردووە لەدەرەوەی دەستووربێت یانیش پێچەوانەی دەستووربێت.
kdp _
