پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: لەوەتەی عێراقی نوێ دروست بووە مووچەی پێشمەرگە نەدراوە
سیروان ئەحمەد، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی پەیامەکەی دوێنێی بارزانی، کە باسی لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کردبوو، کەلایەن بەغداوە، بودجەی بڕاوە، دەڵێت: "بڕیار وابوو لە دوای دروستکردنی سوپای عێراق، ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیش لەچوارچێوەی دامەزراوەی سوپای عێراق مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەتەحەداوە لەماوەی دروستکردنی عێراقی نوێدا، بەغدا مووچەی ھێزی پێشمەرگەی نەداوە، ھاوکاری سەربازی نەداوە، ئەو چەکانەی بۆ سوپای عێراق ھاتوون نەیداوە بەپێشمەرگە، میزانییە و بودجەی ھێزی پێشمەرگەی نەداوە، ئیتر بەغدا لەوە زیاتر دەیەوێت چی دەست کەوێت، ئەمە جگە لەوەی سەدان ملیۆن دۆلار کە بۆ خەرجی ھێزە عێراقییەکان ھاتووە، کەچی ھێزی پێشمەرگەی لێی بێبەش بووە، کاریان بۆ ئەوە کردووە کە ھێزی پێشمەرگە ھەڵوەشێتەوە و خەڵکی کوردستان بخەنە ناو سوپایەک کە بەفەرمانی دەسەڵاتی شیعە لەبەغداوە بیان بەن بۆ ئەنبار و تکریت و فەلووجە، لەکاتێکدا بەغدا بێ باکانە کەوتووەتە برینی قووتی خەڵکی کوردستان و بودجەی پێشمەرگە".
ئەو پەرلەمانتارە، لەبارەی قسەکانی بارزانی، سەبارەت بە مادەی 140، ئەوەی خستەڕوو: "لەبەغداوە کارکراوە بۆ وێرانکردنی سنووری مادەی ١٤٠، نە پارەی پەرەپێدان و نە پارەی ئاوەدانکردنەوەی ئەو پارێزگایانەی داوە، نەکاری کردووە بۆ دامەزراندنی خەڵک و کەمکردنەوەی ریژەی بێکاری، ئەوەی کراوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردوویەتی، بەغدا کاری لەسەر ئەوەکردووە ئەو ناوچانە بکاتە مەعەسکەری خۆی، بۆیە ھیچ چاوەڕوانییەکی باش لەبەغدا ناکرێت، پەیامی بارزانی لەو بارەوە دڵی بەغدای شەق کرد".
دوێنی چوارشەممە 19/7/2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) پەیامێکی بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندە: ”لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە سیاسی و کاربەدەستانی عێراقی بۆ دژایەتیکردنی ڕیفراندۆم و مافەکانی گەلی کوردستان، باسی دەستوور و پابەندبوون بە دەستوور عێراق دەکەن. زۆر باشتر دەبوو ئەم بەڕێزانە بە وردی دەستووری عێراق ببینن، چونکە لە دیباجەی دەستووردا بە ڕوونی ھاتووە، پابەندبوون بە دەستوور زامنی مانەوەی عێراقە بە یەکپارچەیی".
باسنیوز
