خەسرۆ گۆران: کورد بە مەبەست لە سوپای عێراق دوور خرایەوە

خەسرۆ گۆران: کورد بە مەبەست لە سوپای عێراق دوور خرایەوە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان باس لە ھەنگاوەکانی پەراوێزخستنی کورد لە سوپای عێراق دەکات و ڕای دەگەیەنێت: ”سوپای عێراق بە دەستی ئەفسەرانی کورد دروست کرابوو، کەچی بە مەبەست دوور خرانەوە".



مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامەکەیدا کە ڕۆژی 19/7/2017 بڵاوی کردەوە، ئەوەی ڕاگەیاند: "لە ڕیزەکانی سوپای عێراقدا کورد پەراوێز خراوە".



لەمبارەیەشەوە خەسرۆ گۆران، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان و سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”کاتی خۆی کە سوپای ڕژێمی پێشووی عێراق ھەڵوەشایەوە، ھیچ شتێک بە ناوی سوپای عێراقەوە نەما، دواتر داوا لە ئەفسەرانی کورد کرا کە مەشق بە گەنجانی عێراق بکەن بۆ ئەوەی دوو لیوای سوپای عێراق دروست بکرێت، ئەوە بوو دوو لیوا دروست کرا و بە ھەر جۆرێک ھەبوو، شتێک پێکھێنرا بەناوی سوپای عێراق کە سەرجەمیان مەشق و ڕاھێنانیان لەلایەن ئەفسەرانی پێشمەرگەوە بوو، ئەو کاتە ئەمەریکاش ئاگادار و سەرپەرشتیاری ئەو مەشقانە بوو، ئیتر کاتێک ھەڵبژاردن کرا و وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق پێکھێنرا و بودجەی بۆ تەرخان کرا، سوپای عێراق کەوتەوە سەر پێی خۆی، ئەو کاتە وردە وردە دەستیان کرد بە دوورخستنەوەی ئەو کوردانە کرد کە لەناو لیواکانی سوپای عێراقدا ھەبوون".



ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”گەنجانی کورد لە ناو سوپای عێراق دەبران بۆ ئەنبار و بۆ شوێنەکانی دیکە، لەکاتێکدا ئەرکی ئەوان بەرپرسیاریەتیی سنووری کوردستان بوو، دوای ئەوەش دەست بە دوورخستنەوەی بەرپرسە سەربازییەکانی کورد کرا و دواتر بەرپرسە باڵاکان و لادانیان دەستی پێ کرد".



خەسرۆ گۆران ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئێستا ڕێژەی بەشداریی کورد لە سوپای عێراقدا هیچ نەماوە و شتێک بەناوی پێکھاتەی کورد لە سوپای عێراقدا نەماوە، لەکاتێکدا لە دەستووری عێراقدا ئاماژە بە بەشداریی پێکھاتەکانی کراوە لە سوپای عێراق، ئەمانە سەرجەمیان سیاسەتی شکستخواردووی عێراق بوو کە نەیدەویست کورد لە سوپای عێراق بەشدار بێت، تا وای لێھات ئێستا پۆستی سوپاسالاری عێراق کە پشکی کوردە، بۆ خۆیان پڕکردووەتەوە“.




باسنیوز
Top