سوپاسالاری پێشمەرگە: هاوپەیمانان لە پێدانی چەک و تەقەمەنی بە پێشمەرگە بەردەوام دەبن
ھێزی پێشمەرگە لە دوای ھاتنی داعش بۆ عێراق، تاکە ھێز بوو توانی لە بەرامبەر داعشدا خۆراگر بێت و بەرگری بکات و لەجیاتی ھەموو جیھان شەڕی ئەوان بکات و دواتریش توانی ھەموو ئەو ناوچانەی کە لە دەستی داعشدا بوون، وەک ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، لە دەستی ئەوان ڕزگاری بکات و ٣٠ هەزار کلیۆمەتر لە داعش پاک بکاتەوە، ھەموو وڵاتانیش شاھیدییان بۆ پێشمەرگە داوە، کە تاکە ھێز بووە ئوستوورەی داعشی تێکشکاندووە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراستدا، ھەر ئەمەش وای کرد وڵاتانی ھاوپەیمان بێنە سەر خەت و ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگە بکەن و چەک و تەقەمەنیان بۆ دابین بکەن و تا ئێستاش ھاوکارییەکان ھەر بەردەوامن. لەمبارەیەوە، (فەریق جەمال ئیمینکی)، سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن لە دوای شەڕی داعش نابێت ھێزی پێشمەرگە چەکی قورسی ھەبێت دوورە لە ڕاستییەوە و ھێزی پێشمەرگە لەساڵی ١٩٩١ـەوە چەکی قورسی ھەیە و کەس خێری بە پێشمەرگە نەکردووە و ھێزی پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەو چەکەی دەست کەوتووە.''
ھێزی پێشمەرگە لەبەر ئەوەی بووەتە ھێزێکی متمانەپێکراو و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا ددانی پێدا نراوە و لە ھەموو کۆبوونەوە و کۆنفرانسە جیھانییەکاندا باسی ڕۆڵی پێشمەرگە کراوە و تەئکید لە ھاوکاریکردنیان کراوەتەوە. سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە دەڵێت: ''لە شەڕی داعشیشدا چەکی قورس لەدەست پێشمەرگەدا ھەبووە و لە دەستیشیدا دەمینێت و ھیچ کەسێک ناتوانێت لێی وەرگرێتەوە، بۆیە ئەوەی لە میدیاکانەوە دەگوترێت، ھیچ بنەمایەکی نییە.''
بە ھۆی سەرکەوتنە بەردەوامەکانی ھێزی پێشمەرگەوە لە شەڕی داعشدا و تێکشکاندنی داعش لە ھەموو بەرەکانی شەڕدا، ئەمە وای کرد ھاوپەیمانان زیاتر ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگە بکەن و لە ماوەی ڕابردووشدا بە ھاوکاریی چەند ڕاوێژکارێکی ھاوپەیمانان پڕۆژەیەک بۆ پێداچوونەوە بە ھەیکەلیەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کرا و لە نێو ئەو پڕۆژەیەشدا باس لەوە کراوە، کە ھێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ستانداردی نێودەوڵەتی ڕێک دەخرێتەوە و دەبێتە ھێزێکی ھاوشێوەی ھێزی ھاوپەیمانان. (ئیمینکی) دەڵێت: ''ھاوکاریی ھاوپەیمانان لە ڕووی پێدانی چەک و تەقەمەنییەوە بۆ ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت و بەرنامەیان داناوە، ئەمەریکا لە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوودا دوو لیوای دیکەمان بۆ پڕچەک بکات و مەشق و ڕاھێنانیشیان پێ بکات، بۆیە ھیچ باسێک نییە، کە ھاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە ڕابگرن.''
ئەمەش لەکاتێکدایە، کە لە ھەندێک میدیادا باس لەوە دەکرا، کە پێشمەرگە پێویستە دوای شەڕی داعش چەکە قورسەکانی پێی دراو ڕادەستی بکاتەوە و نابێت چەکی قورسی ھەبێت و جگە لەوەش، باس لەوە دەکرا، کە ھاوکارییەکان بۆ ھێزی پێشمەرگە ڕاگیراوە، بەڵام سوپاسالاری پێشمەرگە ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە و بەبێ بنەمایش وەسفیان دەکات.
kdp-
