بەرپرسێکی یەکگرتوو: لە کۆبوونەوەی دابێ بڕیار لە ناردنی شاندی ڕیفراندۆم بۆ بەغدا دەدرێت

بەرپرسێکی یەکگرتوو: لە کۆبوونەوەی دابێ بڕیار لە ناردنی شاندی ڕیفراندۆم بۆ بەغدا دەدرێت
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، (خەلیل ئیبراهیم)، باس لە پرسی ڕیفراندۆم دەکات و دەڵێت، لە نیزیکترین کاتدا دەست بە ناردنی شاندەکان دەکرێت..دەشڵێ، لە حەفتەی دابێ بڕیار لە ناردنی شاندی ریفراندۆم بۆ بەغدا دەدرێت.

تێکڕای حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریان دا، کە لە ٢٥ی مانگی نۆدا ڕیفراندۆم بکرێت و، ئێستایش لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم چاوەڕوانی ئەو حزبانەیش دەکات کە تا ئێستا نەهاتوونەتە نێو پرۆسەکە کە خۆیان یەکلا بکەنەوە و نوێنەری خۆیان دیاری بکەن، تا دواتر لێژنەی پارێزگاکان دروست بکرێت و کاری خۆیان بکەن، لێژنەی باڵای ریفراندۆم دوو کۆبوونەوەی کردووە و چاوەڕوانی کۆبوونەوەی دیکەش دەکات، بڕیارە بەم نیزیکانە کۆبوونەوەی دیکەش بکرێت، لە کۆبوونەوەکاندا بڕیار لە هەڵمەتی ڕاگەیاندن بدرێت، (خەلیل ئیراهیم)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەبارەت بەم پرسە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە کۆبوونەوەی دابێی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا بڕیار دەدرێت لە ناردنی شاندی باڵای ڕیفراندۆم بۆ بەغدا، لە ڕووی تەکنیکیشەوە ئامادەکاری دەکرێت بۆ هاتنی ئەو شاندانەی کە دێنە هەرێمی کوردستان و ئەو چاودێرە نێودەوڵەتییانەی کە چاودێریی ڕیفراندۆم دەکەن.''

دوێنێ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، (هۆشیار زێباری)، لە پانێڵێکدا کە پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی لێی ئامادەبوو، ڕایگەیاند: ''پارتی پێشنیاری نوێی بۆ لایەنە سیاسییەکان کردووە و ڕەزامەندیشە بە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.'' چاودێرانی سیاسیش دەڵێن، کەشێکی ئارام هەیە بۆ گفتوگۆ و پێ دەچێت، کۆمەڵ و گۆڕانیش بێنە نێو ڕیفراندۆمەوە، دەربارەی ئامادەسازی بۆ کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان و بەشداریی گۆڕان لە پرسی ڕیفراندۆمدا، (خەلیل ئیبرهیم) گوتی: ''چاوەڕوان دەکرێت هەندێک شتی ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان یەکلا ببێتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی کۆ ببنەوە و بکەونە گفتوگۆوە، بۆیە نەرمی هەیە، دەستپێشخەری هەیە و هەوڵ دەدرێت، هەموو لایەنەکان ڕازی بکرێن.'' (خەلیل ئیبرهیم) ئەوەیشی خستەڕوو: ''شاندی ڕیفراندۆم سەردانی هەموو وڵاتان دەکات بە ئەمەریکا و ڕووسیاشەوە.''
kdp-
Top