چاودێران: گوێ بە قسەکانی عەبادی نادەین و ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەین
ئێوارەی دوێنی، (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: ''بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە و باشترە کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بمێنێتەوە، نەک بیر لە جیابونەوە بکاتەوە.''
(نەجات حەسەن)، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''دیارە ھێشتا (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستووری عێراقی نەخوێندووەتەوە، یان نازانێت بە چ ماددەیەکی دەستوور پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتووە، خۆ دەستوور خۆی دەڵێت، ئەگەر عێراق پابەند نەبوو بە جێبەجێکردنی ماددەکانی نێو دەستوور، ئەوا عێراقی یەکگرتوو نامێنێت، ھیچ دەسەڵاتدارێکی بەغدا ئامادە نەبووە، دەستوور جێبەجێ بکات، کوا دەستوور جێبەجێ کراوە، تەنیا لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستاندا، پرسەکانی وەرگرتنی گەنم و ناردنی دەرمان و بوودجە و میزانییەی پێشمەرگە و ماددەی ١٤٠ و دەیان ماددە و بڕگەی دیکە ھەن، کە ھیچیان جێبەجێ نەکراون.''
(نەجات حەسەن) ئەوەشی خستەڕوو: ''گۆتاری پارتی دیموکراتی کوردستان، گۆتارێکی نەرمە بەرامبەر لایەنەکان، بەڵام کاتێک بەرامبەرەکەمان دەبینین، ناچارین وەڵامی ھەندێ ناحەقی بدەینەوە. ئێمە، وەک پارتی پابەندین بە بڕیاری لیژنەی باڵای ڕیفڕاندۆم و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی پڕۆژەی ڕیفڕاندۆم، کە مافێکی زۆر سادە و سروشتیی خەڵکی کوردستانە، جێبەجێی بکەین و خۆمان دواڕۆژی خۆمان دیاری بکەین، ئەو جورە لێدوانانەی باس لە جێبەجێکردنی دەستوور دەکەنەوە، با ئەوکات ئەو قسەیان بۆ ئێمە بکردایە، کە نان و قووتی خەڵکی کوردستانیان دەبڕی.''
(عەبدولسەلام بەرواری)، چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''مەرجی مانەوەی عێراق پابەندبوونە بە دەستووری عێراق، چونکە لە دیباچەی دەستووردا ھاتووە و ئێمە ھەموو پێکھاتەکانی عێراق ئمیزامان لەسەر ئەو پێشەکییەی دەستوور کردووە، کە تا ئەوکاتە عێراق بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، کە دەستوور تێدا جێبەجێ دەکرێت، سەردەمی (نووری مالیکی) بە ئاشکرا دەیگوت، دەستوور جێبەجێ ناکەم، (عەبادی)ش باشتر نییە لە (مالیکی) بۆ جێبەجێکردنی دەستوور، ئەوە بڕاوەتەوە کە ڕیفڕاندۆم دەستوورییە، یان نادەستوورییە، چونکە دەستوور ئامادەیە و لە یەک دەقی دەستووردا نەھاتووە، ڕێگری لە ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان بکرێت.''
(بەرواری) دەڵێت: ''بۆ مانەوەی ھەرێم لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا با سەرۆکوەزیرانی عێراق بگەڕێتەوە بۆ ڕەفتارەکانیان بەرامبەر بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان، نانی پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی کوردستانیان بڕی و لە گەرمەی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا بەغدا ڕێگریی دەکرد چەک و ھاوکاری بگاتە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەوان بیانەوێت، کورد لە عێراق جیا نەبێتەوە، ئەی ئەو ھەڵمەتە چەواشەکارییە بۆ ڕاناگریت، کە دژی ھەرێم دەیکەن، ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن، ئینجا بڕیار بدەن، کورد بمێنێەوە لە نێو عێراقدا.''
(گۆران جەلال)، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ھەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئێستاش عێراق ئامادە نییە مافەکانی ھەرێمی کوردستان دابین بکات و دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقیش تەنیا دەستکەوت بۆ ھەرێمی کوردستان ئەوە بووە، دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەو توانایەی ڕژێمی بەعسیان نەمابوو تا خەڵکی ئێمە کیمیابارن و ئەنفال بکەن، ئەگەرنا ھەر ھەمان عەقڵییەتی پێشوون بەرامبەر بە ئێمە، عێراق ھیچ کاتێک وەک ھاووڵاتیی خۆی مامەڵەی لەگەل خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا نەکردووە و بەردەوام بە چاوێکی وا ڕوانیویانەتە خەڵکی کوردستان، وەک ھاووڵاتیی پلە سێ و چوار، لەبەر ئەوەش ئێمە چیمان دەست کەوت لە دەوڵەتی عێراق جگە لە ماڵوێرانی و زۆلم و کوشتن و بڕین.''
kdp-
