نەجمەدین کەریم: نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە یەکێتیی ئەورووپا کارەکانی بە باشی ئەنجام دا

 نەجمەدین کەریم: نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە یەکێتیی ئەورووپا کارەکانی بە باشی ئەنجام دا
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هاوکات ئەندامی شاندی باڵای ڕیفراندۆم بۆ وڵاتی بەلجیکا بوو، ئاماژە بەوە دەدات کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، کارەکانیان لە ڕووسی لۆجستییەوە بۆ شاندەکە بە باشی ئەنجام داوە.

نەجمەدین کەریم، ڕایگەیاند: "بەهۆی ئەوەی سەردانەکەی شاندی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانێکی جیاوازدا بووە، نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، بەشدارییەکی زۆریان لە کۆبوونەوەکانی ئەو شاندەدا نەبوو، چونکە زیاتر خودی شاندەکە بەشداریی کۆبوونەوەکانیان دەکرد، بەڵام دواتر نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیان ئەنجام دا و قسەی باشیان کرد“.

جەختیشی لەوە کردەوە: ”هەرچی پەیوەندی بە سەردانەکە و ڕێکخستنی کاروباری لۆجستیی سەردانەکەوە هەیە، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە دلاوەر خالید ئاژگەیی لەوێ نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بەشێوەیەکی جوان و ڕێک و پێک کارەکانیان بەڕێوەچوو".

نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاندی باڵای ڕیفراندۆم بۆ دەرەوەی وڵات، ئەوەشی خستەڕوو: "ڕۆڵی نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دەرەوە بۆ بابەتی ڕیفراندۆم، یەکەم شت ئەوەیە کە نوێنەری پەرلەمان و نوێنەری ڕێکخراوە دیموکراتییەکان بانگێشت بکەن، بۆ ئەوەی بێن و چاودێری پرۆسەی ڕیفراندۆم بکەن، چونکە ئەوە یەکێکە لە کارە ھەرە گرنگەکان، جگە لەو کارەی کە کردوویانە، ئەویش باسکردنی ڕەوشی کوردستان و ئەو بابەتانەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا ھەیە".

نەجمەدین کەریم، ئاشکراشی کرد: "کاتێک شاندی باڵای ڕیفراندۆم سەردانی دەرەوەی کرد، پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا و ھیچ یەکێک لەو بەرپرسانەی کەبینییان، دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نەبوون، بەڵکو بەپێچەوانەوە وایان پیشان دا کە ئەوان بۆ پەیوەندیییەکانیان لەگەڵ کوردستانی سەربەخۆ لە ئایندەدا دەڕوانن".

جەختیشی لەوە کردەوە: "کاتێک سەردانی یەکێتیی ئەورووپامان کرد، نوێنەری زۆرێک لە حزبەکانی تێدا بوو، پرسیاریان ھەبوو، وەڵامی ھەموو پرسیارەکانیان درایەوە، بە بۆچوونی من سەردانەکە سەردانێکی باش بوو، ھەم بۆ ڕوونکردنەوەی باری کوردستان و ھەم بۆچی ڕیفراندۆم دەرکرێت، سوودی باشیشی ھەبوو، بە پێچەوانەی ئەوشتانەی لە ھەندێک لە میدیاکان بڵاو دەکرێتەوە".












باسنیوز
Top