بڕیاردەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان: عەلی حەمە ساڵح چەندین تۆمەتی ناڕەوای بۆ دروست کردووین

 بڕیاردەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان: عەلی حەمە ساڵح چەندین تۆمەتی ناڕەوای بۆ دروست کردووین
بڕیاردەری کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە کە عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان ”بەبێ ھیچ بەڵگەیەک“ چەند تۆمەتێکی ناڕەوای بۆ دروست کردووە..

ئیسماعیل حەمە عەلی، بڕیاردەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: "لەماوەی ڕابردوودا ھەر پێنج حزبەکەی کوردستان، نوێنەری خۆیان لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ھەبووە، بێگومان ئێمەش لەسەر پشکی یەکگرتوو پۆستمان وەرگرتووە، بەڵام دەست لەکار کێشانەوەی خۆمان لەنێو حزب ڕاگەیاندووە و دەیانجار باسی ئەوەمان کردووە کە ئێمە وەکو تیمێکی بێلایەن کار دەکەین".

بڕیاردەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستە ڕوو: "چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەم بەوە کرد کە ئێمە وەک کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، ئامادەکاری بۆ ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان دەکەین، بەڵام بەداخەوە عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان، لە دوورەوە بەبێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەکی لە بەردەستدا بێت، تۆمەتی ئەوەی خستووەتە پاڵ ئێمە، گوایە خزمەت بە پارتی دەکەین و کاری ئێمە لە کۆمسیۆن لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی پارتی دیموکراتیی کوردستان خۆی دەبینێتەوە، لەکاتێکدا ئامادەکاری بۆ ڕیفراندۆم ھەموو کەسێک دەزانێت بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانە و ئەرکی سەرشانی ئێمە کە کار لەسەر ئەو بڕیارەی کۆمسیۆن بکەین".

ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن ئەوەی ئاشکرا کرد: "کاتێک تۆمەتەکانی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕانم بینی، لەسەر داوای بەرپرسانی باڵای گۆڕان و یەکگرتوو لەلایەک و خۆشەویست و ھاوکارانم لەلایەکی دیکە، بێدەنگیم ھەڵبژاردووە، زۆریش دانم بەخۆمدا گرت کە ھیچ وەڵامێکی نەدەمەوە، بۆ ئەوەی ھاوکارانم لە بزووتنەوەی گۆڕان دڵگران نەکەم، وەک ھەمیشە نموونەی ئەخلاق و پەروەردەی باڵا بم، بێگومان بەخشینەوەی تۆمەت ناخۆشە، بۆیە منیش ناچار بووم لە پێگەی تایبەتیی خۆم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەڵامێکی کورتی بدەمەوە، چونکە ئەوە بە تۆمەتێکی گەورەی دەزانم و ئێمە خزمەت بە ئەجێندای ھیچ حزبێکی سیاسی ناکەین".










باسنیوز
Top