حەفتەی دابێ، لیژنەی باڵای ریفراندۆم بەرنامە بۆ سەردانی وڵاتانی دیكە دادەنێت
نوێنەری توركمانان لە لیژنەی باڵای ریفراندۆم، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای سەردانی یەكێتیی ئەورووپا، سەردانی وڵاتانی دیكەی ھەرێمی و عەرەبی و بەغدایش دەكرێت و، بڕیارە حەفتەی دابێ بەرنامە بۆ سەردانی ئەو وڵاتانەیش دابنرێت.
(محەمەد ئیلخانی) گوتیشی، كۆبوونەوەكانی لیژنەی باڵای ریفراندۆم بەردەوام دەبن و مەرجیش نییە ئەو كۆبوونەوانە وەكو كۆبوونەوەی پێشوو بە بەرچاوی راگەیاندنەكانەوە بن و، بە بەردەوامییش كۆبوونەوە ئەنجام دەدرێن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم ڕوونیشی كردەوە، "رەنگە لە چوارچێوەی سەردانەكاندا، سەردانی وڵاتانی زلھێزیش بكەین، ئەوانەی كە ئەندامن لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا".
ئەو دەڵێ، شاندێك سەردانی بەغدایش دەكات، بەڵام سەردانەکەی بەغدا لە هیی وڵاتان جیایە، وەک (ئیلخانی) گوتی "لە دانوستان لەگەڵیاندا زانیارییان لەبارەی ریفراندۆمەوە پێ دەدرێت و دڵنیایان دەكەینەوە بۆ تێكدانی دۆخەكە نییە، بەڵكە بۆ سەقامگیریی ناوچەكەیە."
جەختیسی کردەوە لەوەی، کە ریفراندۆم لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیش دەكرێت، بۆیە ئەمە پێویستی بەوە ھەیە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكرێت، بۆ ئەوەی بە سەركەوتوویی ئەنجام بدرێت.
بڕیارە پرۆسەی ریفراندۆم لە ٢٥/٩ـی ئەمساڵ لە ھەرێم و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و، بۆ ئەو مەبەستەیش لیژنەی باڵای ریفراندۆم دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە و، كۆمسیۆنیش راسپێردراوە بۆ ئامادەكاری، هەروەها حەفتەی رابردوویش شاندێكی باڵای ریفراندۆم بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی)، سەردانی یەكێتیی ئەورووپایان كرد و بەپێی گوتەی ئەندامانی شاندەكە، یەكێتیی ئەورووپا پشتگیریی خۆی بۆ پرۆسەی ریفراندۆم دەربڕیوە و، ئامادەیی نیشان داوە چاودێر بۆ ریفراندۆم رەوانە بكات.
kdp-
