"شاندی باڵای ریفراندۆم، پشتگیریی ئەورووپایان بۆ سەربەخۆیی كوردستان بە دەست هێنا"
(موسلیح ڕەجەب) ئەندامی سەركردایەتیی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "چوونی شاندی باڵای ریفراندۆم بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) بۆ دەرەوە، لە كات و ساتی خۆیدا بوو، ڕەنگە هەندێك لە حزب و لایەنەكان و وڵاتانیش بڵێن، كاتی سەربەخۆیی نییە، بەڵام ئێمە دەپرسین، كەی كاتیەتی؟ كە زیاتر لە 100 ساڵە گەلی كورد قوربانی دەدات تەنیا بۆ ئەوەی بە مافەكانی خۆی بگات".
(ڕەجەب) گوتیشی: "ئێستا كاتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانە، چونكە گەلی كورد بە درێژایی مێژوو قوربانی دەدات، تەنیا بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت، لە شەڕی تیرۆردا سەركەوتنێكی یەكجار گەورەی بە دەست هێنا، هێزی پێشمەرگە توانی بە سەرپەرشتیی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان داعش تێك بشكێنێ و لەناوی ببات، لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە 50 وڵات هاوكار و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستانن و لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی كوردستان سەربەخۆ بێت، ئەگەر ئێمە ئەوە بە دەرفەت نەزانین، ئەو دەرفەتەمان لە دەست دەچێت و جارێكی دیكە بە دەرفەتێكی دیكەی لەو شێوەیە ناگەینەوە، بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە ریفراندۆم ئەنجام بدەین و سەربەخۆ بین".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی حزبی سۆشیالیست دهشڵێ: "سەردانی شاندی باڵای ریفراندۆم بۆ یەكێتیی ئەورووپا، سەردانێكی سەركەوتوو و بەرهەمدار بوو و، توانییان پشتگیریی یەكێتیی ئەورووپا بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بە دەست بهێنن، لە داهاتوویشدا ئەو شاندە سەردانی وڵاتانی جیهان دەكات، بۆیە دەبێت ئێمە لە ناوخۆی كوردستاندا پشتگیری لەو شاندە بكەین تا بتوانن پشتگیریی نێودەوڵەتیی زیاتر بۆ گەلی كورد بە دەست بهێنن، چوونی شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بۆ یەكێتیی ئەورووپا، دەستكەوتێكی گەورە بوو بۆ گەلی كورد و پێكهاتەكان، لەگەڵ ئەوەی هەموو جیهانیش باس لەوە دەكات كە گەلی كورد بەرەو بەدەوڵەتبوون دەچێت".
kdp-
