پەرلەمانتارێکی تورکمان: تورکمانەکان ترسیان لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەیە

 پەرلەمانتارێکی تورکمان: تورکمانەکان ترسیان لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەیە
پەرلەمانتارێکی بەرەی تورکمانی رایدەگەیەنـێت، کە تورکمانەکانی شارۆچکەی تەلەعفەر ترسیان لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەیە.

ئایدن مەعروف، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، تورکمانەکان ترسیان لە چوونە ناوەوەی حەشدی شەعبی بۆ شارۆچکەی تەلەعفەر للە پارێزگای نەینەوا هەیە.

ئایدن مەعروف هۆکاری ئەو ترسەی تورکمانەکانی بۆ ”کارە تۆڵەسەندنەوەکان“ی ئەو میلیشیایانە گەڕاندەوە، کە لە چەند ناوچەیەکی رزگارکراو لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دژی هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب، ئەنجامیان داوە.

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە هەڵگری ئامانجی تائیفین و گیانی ئاشتی و بە یەکەوەژیان لە تەلەعفەر لەناو دەبەن، ”کە ئێمە دەمانەوێ لەو ناوچەیە بڵاوی بکەینەوە“.

ئایدن مەعروف بە ئاماژەکردن بەوەی سوپای عێراق بەبێ میلیشیاکان و بە هاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەتوانێ تەلەعفەر رزگار بکاتەوە، “رزگارکردنەوەی تەلەعفەر هیچ پێویستیی بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی نییە، کە ترس و دڵەڕاوکێ لەناو هاووڵاتییان بڵاو دەکەنەوە“.

ئەو پەرلەمانتارە تورکمانییە جەختی لەوەش کردەوە، کە بەرەی تورکمانی بەهیچ شێوەیەک بە بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای تائیفی رازی نابێ، کە ”دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی تائفی و ئایینی“.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.

چەندین جار رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ میلیشیا عێراقییەکانیان بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تاوانبار کردووە و رایانگەیاندووە، کە تۆمەتبار و هاووڵاتییانی سووننەمەزهەب بەبێ دادگاییکردن ئەشکەنجە دەدەن و دەکوژن.













باسنیوز
Top