سەرکردەیەکی یەکگرتوو: ئەگەر ھەرێمی کوردستان بڕیاری سەربەخۆیی بدات تورکیا دژی نابێت

 سەرکردەیەکی یەکگرتوو: ئەگەر ھەرێمی کوردستان بڕیاری سەربەخۆیی بدات تورکیا دژی نابێت
غازی سەعید، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری (مەکتەبی سیاسی)ی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، چەند پرسێکی پەیوەست بە دۆخی ئێستای کوردستان و عێراق روون دەکاتەوە و ئاماژە بە سەرکەوتنی ریفراندۆم دەکات و پێی وایە وڵاتان دژی سەربەخۆیی کوردستان ناوەستنەوە و دانی پێدا دەنێن.

سەرەتا ئاماژەی بەوە دا کە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی ریفراندۆمی مانگی ئەیلوول پێویستی زۆریان بە چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابوورییەکان ھەیە، گوتی: ”پێویستە نێوماڵی خۆمان رێک بخەینەوە و پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کێشە سیاسی و داراییەکان چارەسەر بکرێن، بە تایبەت مووچەی فەرمانبەران، ئەوانە ھەمووی پێویستیی ھەنووکەیین بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسە گرنگە مێژووییە“.

غازی سەعید پێیوایە، کە دەبێت ھەموو لایەنەکان سازش بۆ یەکتر بکەن، بۆ ئەوەی بتواندرێت کۆدەنگییەکی نیشتمانی دروست بکرێـت و ریفراندۆمی پێ سەر بخەین، گوتیشی: ”ریفراندۆم ئیستیحقاق و دەستکەوتێکی نەتەوەییە و دەبێت ھەموو لایەک پشتیوانیی لێ بکەین، ھەروەھا دەبێت ھەموو پێداویستییەکانی سەرخستنی دەست بخەین، ئەوەش ئەرکی ھەموو لایەکە و موڵکی ھیچ حزبێکی دیاریکراو نییە“.

ئەو دەشڵێ: ”ریفراندۆم بەرھەمی سەد ساڵ چاوەڕوانیی خەڵکی کوردستانە، بۆیە دەبێت لە پڕۆسەی ریفراندۆمدا سەرکەوتوو بین“.

ئەو ئەندام مەکتەب سیاسییەی یەکگرتووی ئیسلامی باوەڕی وایە، بۆ سەرکەوتنی ریفراندۆم دەبێت رەھەندی ناوخۆیی و دەرەکی رەچاو بکرێت، گوتیشی: ”چوونی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتانی دراوسێ و روونکردنەوەی پرسی ریفراندۆم بۆیان یەکێکە لە رەھەندە گرنگەکانی سەرکەوتنی پڕۆسەی ریفراندۆمی کوردستان“.

غازی سەعید باوەڕی وایە: "ئەگەر سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم و کۆدەنگیی لەسەری ھەبێت، حکوومەتی عێراقیش ناتوانێت رێگر بێت لە ئەنجامدانی خواستی گەلی کوردستان، کە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی".

سەبارەت بەوەی تورکیا یان ئێران کامەیان نەرمترن لەبەرامبەر ریفراندۆم، ئەو لە وەڵامدا دەیگوت: "رەنگە خەڵکێک تەحەفوزی لەسەر ریفراندۆم ھەبێت، بەڵام ئێمە وەکوو خەڵکی کوردستان کۆدەنگیمان ھەبێت، ھیچ وڵاتێک ناتوانێت کێشەمان بۆ دروست بکات، لە راگەیاندنەکان وڵاتان بە فەرمی پشتیوانیی لە ئەنجامدانی ریفۆاندۆم ناکەن، بەڵام قەناعەتم ھەیە ھەموو وڵاتانی دەرەوە مامەڵە لەگەڵ واقیع و خواست و ویستی گەلی کوردستاندا دەکەن“.

ئەو سەرکردەیەی یەکگرتووی ئیسلامی گوتیشی: "ھەر کاتێک گەلی کورد بڕیاری سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان بدات، گەشبینین بەوەی تورکیا پاڵپشت و ھاوکار دەبێت و دژی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان نابێت، لە سایەی ئاستی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا و حکوومەتی ئێستای تورکیا ئەو گەشبینییەمان بۆ دروست بووە".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی جێبەجێکاری یەکگرتوو جەخت دەکاتەوە، ئەو کاتەی فیدڕاڵیی کوردستان بووە ئەمری واقیع، وڵاتان مامەڵەیان لەگەڵدا کرد و دانیان پێدا نا، بە ھەمان شێوە کاتێک کورد دەوڵەت رادەگەیەنێت مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و دانی پێدا دەنێن، گوتیشی: ”خەڵکی کوردستانیش دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدات و ئەگەر ئێمە بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجامێک ئەوە ھەموو وڵاتانی دەرەوە بەئەرێنییەوە مامەڵە لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا دەکەن“.

غازی سەعید، سەبارەت بە ھەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی دەڵێ: ”خەڵک گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی دوای ئەو بارودۆخەی عێراق تێی کەوتووە، کە عێراق وڵاتێکی سەرکەوتوو نییە لەپێش رووخانی رژێم بێت یان دوای روخانی رژێم تا ئێستا، لە عێراق سیاسەتێکی شکستخواردوو پەیڕەو کراوە، بۆیە دۆخەکە بەم جۆرە گەیشتووە، بۆیە وڵاتانی دەرەوە مامەڵەیەکی واقیعی لەگەڵ خواست و ویستی خەڵکی کوردستاندا دەکەن“.

پێیشی وایە: "داعش لەدایکبووی سیاسەتە ناڕەواکانی حکوومەتی ناوەندیی عێراقە، بۆیە ئەگەر گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکمڕانیی عێراقدا نەکرێت و مامەڵەی ھاووڵاتیبوون نەکرێت و ھەمان سیاسەتی پێشوو کە سیاسەتی پەراوێخستن و تایفیەتە بەردەوام بێت، ئەوا بیرۆکەی داعش ھەر بەردەوام دەبێت“.











باسنيوز
Top