ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک: بەغدا دژی ریفراندۆم بوەستێت کارەبای لێ دەبڕین و نەوتیش دەگرینەوە
ئاماژەی بەوەش دا، نیوەی کارەبای بەغدا لە کەرکووکە، گوتیشی: ”زیاتر لە ٥٠٠ مێگاوات کارەبای کەرکووک بۆ بەغدا دەچێت و بۆ خۆیان سوودی لێ وەردەگرن، رۆژانەش ھەزاران بەرمیل نەوت ھەناردەی بەندەری جەیھان دەکرێت، ھەر فشارێک بە بیانووی بەشداریکردنی ریفراندۆم لەسەر مووچەخۆرانی کەرکووک دروست بکرێت ئەوکات ئێمەش ئەو کارەبایە دەبڕین“.
روونی کردەوە، ئێستا جگە لە مووچەی فەرمانبەران، بەغدا ماوەی سێ ساڵە ھیچ بڕە بودجە و پارەیەکی بۆ کەرکووک نەناردووە، گوتیشی: ”بەغدا ماوەی سێ ساڵە ھیچ بڕە پارەیەکی بۆ پڕۆژە و بودجەی کەرکووک نەناردووە و بەئاشکرا سزای داوین“.
جەمال مەولوود، جەختی کردەوە لەو سێ ساڵەدا تەنیا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەی بۆ کەرکووک ناردووە، گوتیشی: ”مانگانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ١٠ ملیۆن دۆلار بۆ کەرکووک دەنێرێت، کە ساڵانە دەکاتە ١٢٠ ملیۆن دۆلار، ھەروەھا مووچەی ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەش دەدات کە تەنسیبی کەرکووک کراون و مووچەکانیان لەسەر ھەرێمی کوردستانە“.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی دارایی، پێشووتر ساڵانە جگە لە پارەی پترۆدۆلار ١٢٠ ملیار دینار بودجەی پارێزگای کەرکووک بووە و لەلایەن بەغداوە پێیان دراوە.
سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای دەکات: ”حکوومەتی عێراق زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار قەرزای شاری کەرکووکە، ئەو بڕە پارەیەش کۆی سەرجەم بودجە خەرجنەکراوەکانی کەرکووکە لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠١٧“.
ئەو پێی وایە، تا ئێستا بەغدا سیاسەتێکی روونی نییە بۆ خەرجکردنی بودجە کەڵەکەبووەکانی کەرکووک: "قەرزەکانی کەرکووک لای بەغدا زیاتر دەکات، چونکە تا ئێستا بەغدا سیاسەتێکی روونی نییە بۆ خەرجکردنی بودجە کەڵەکەبووەکانی کەرکووک و دەستی دەستیمان پێ دەکات".
پێش ساڵی ٢٠١٤ ساڵانە حکوومەتی عێراق بودجەی تایبەتی پارێزگاکە و بودجەی پترۆدۆلاری بۆ پارێزگای کەرکووک خەرج دەکرد، بەڵام بۆ ماوەی سێ ساڵ دەچێت ھیچ بڕە پارەیەک بۆ ئەو پارێزگایە نەنێردراوە. جەمال دەیگوت: ”ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پڕۆژەکانی ئەو شارە بەجێ ھێشتووە و لەگەڵ ئەوەشدا گرێبەستی دەیان کەس لە فەرمانگە حکوومییەکان ھەڵوەشێنراوەتەوە، کە لەسەر پارەی پترۆدۆلار ئەنجام درابوون، تا ئێستاش چەندین جار ئیدارەی پارێزگاکە و بەتایبەت پارێزگاری کەرکووک راستەوخۆ پێویستیی شارەکەی لە بودجەی پڕۆژەکان بۆ بەغدا روون کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ بڕە پارەیەک نەنێردراوە“.
جەمال مەولوود باپیر، نموونەی دژایەتیکردنی بەغدا بۆ کەرکووک دەھێنێتەوە و ئاشکری کرد: "١١ ساڵ تێ دەپەرێت بەسەر بیرۆکەی دانانی فڕۆکەخانەی مەدەنی لە کەرکووک، بەڵام بەغدا دژیەتی، کاتێک لەلایەن ئیدارە و ئەنجومەنی پارێزگا رێگری لە ھاتنەناوەوەی ھێزی دیجلە بۆ کەرکووک کرا، نووری مالیکی، سەرۆکی ئەوکاتی حکوومەت رێگریی کرد و پڕۆژەکەی پەکخست و ھێزێکی سوپای عێراقی بردە نێو فڕۆکەخانەوە و لەو کاتەوە کارکردن بۆ دروستکردنی فڕۆکەخانەی مەدەنی راگیراوە“.
جەخت دەکاتەوە، پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان بە خوێنی خۆیان کەرکووکیان پاراستووە لە تیرۆر و داعش، ئەوەش بووەتە ھۆی بوژانەوی شارەکە و پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییانی.
باسنيوز
