لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان پارتی و یەکێتی دوا پێشنیاز رادەگەیەنن

 لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان پارتی و یەکێتی دوا پێشنیاز رادەگەیەنن
لە دواکۆبوونەوەیاندا، یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان بە چڕی گفتوگۆیان کردووە و دەیانەوێ دوا پێشنیاز رابگەیەنن، بەو شێوەیەی کارەکانی لە کوێدا وەستاوە دەست پێ بکاتەوە، پەرلەمانتارێکی یەکێتیش ئاماژە بەوە دەدات، ھیواخوازن گۆڕان لەو دەستپێشخەرییە بێتە پێشەوە. سەرچاوەیەکی ئاگاداریش ئاشکرای دەکا، یەکێتی بەڵێنی داوە لە ئەگەری نەھاتنە پێشەوەی گۆڕان، ئەوا یەکێتی ھەڵوێستی دەبێت و لە رێگەی دیکەوە کار بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکرێت.



بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی ئاگادار ، لە دواکۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی بە چڕی گفتوگۆ لەسەر پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان کراوە و پارتی دیموکراتی کوردستان بە پیشنیازی یەکێتی رازی بووە لەسەر ئەوەی پەرلەمان کارا بکرێتەوە و لەو شوێنەوە پەرلەمان دەست بە کارەکانی بکاتەوە، کە وەستاوە.



سەرچاوەکە راشی گەیاند، یەکێتی بەڵێنی بە پارتی داوە، ئەگەر گۆڕان لەو دەستپێشخەریەیان بۆ پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان نەیەتەوە پێشەوە، ئەوا پەرلەمان بە زۆرینەی (٥٠+١) پەرلەمانتاران کارا بکەنەوە و بەتەمەنترین پەرلەمانتاریش سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات و یاسایەک بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم دەربکات.



رێواس فایق، پەرلەمانتاری یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند، ھیواخوازن گۆڕان لەو دەستپێشخەرییە بێتە پێشەوە، کە دەستپێشخەرییەکی باش و دیموکراسییانەیە و ھەر ئەوەش داواکاری خۆی بووە، گوتی: “پەرلەمان لەو کاتە لەکار خراوە کە تێیدا گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەکرا و (١٦) مادەشی لێ پەسەند کرا”.



گوتیشی: “ھێشتا درەنگ نەبووە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و دەتوانرێ بە کۆدەنگی، یاسای دیکەش و یاسای ریفراندۆم تێپەڕێنرێت”.



لای خۆشیانەوە ئەبو کاروان، سەرۆکی فراکسیۆنی حزبی شیوعی، رای گەیاند، دوا دانیشتن کە سەرکەوتوو نەبوو لە کۆکردنەوەی رێژەی یاسایی بۆ یاسای سەرۆکایەتی، ئەوەبوو سەرۆکایەتیی پەرلەمان وازی لەو یاسایە ھێنا و ھات بۆ ھەمواری یاسای پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کۆ بووەوە، کە چەند مادەیەکیشی لێ پەسەند کرا، بەڵام دواتر بەھۆی بارودۆخی ناوخۆیی پەرلەمان لەکار خرا.



فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پارتی رای گەیاند، بابەتی پەکخستنی پەرلەمان ھیچ پەیوەندییەکی بە یاسای سەرۆکایەتی نەبووە، چونکە ھەر یاسایەک کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و لە دووەمدا نیسابی بۆ کۆ نەکرایەوە، ئەوا ئەو یاسایە سفر دەبێتەوە، ھەر بۆیەش پەرلەمان دوای کۆتاییھاتنی ئەو یاسایە لە دانیشتنەکانی بەردەوام بوو، بابەتی لەکارکەوتنی پەرلەمان پەیوەندیی بە ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕانەوە بووە، گوتیشی: “ئەگەر گۆڕان ھەر لەو پرسە نەیەتە پێشەوە، ئەوا بۆ خەڵکی کوردستان روون دەبێتەوە کە بیانووەکانیان بابەتی کاراکردنەوەی پەرلەمان نەبووە، بەڵکوو شتی دیکەیە”.



ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر بڕیارە یەکێتی بە مەبەستی دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمان رۆڵی لایەنی سێیەم ببینێت، ئەوا دەبێ چۆن تەنازولی لە پارتی وەرگرت لە گۆڕانیشی وەربگرێت، ئەگەر گۆڕان تەنازول ناکات دەبێ یەکێتی ھەڵوێستی ھەبێت.



گوتیشی: “یان دەبێ یەکێتی گۆڕان ڕازی بکات بەو موبادەرەیەی لەم دواییە پارتی و یەکێتی کردوویانە، یان تەنیا یەک کۆبوونەوەی پەرلەمان تایبەت بە ریفراندۆم بکرێت بە سەرپەرشتیی بەتەمەنترین ئەندام، کە ئەویش ھەر بیرۆکەی یەکێتی بووە، جا ئەگەر بەبێ گۆڕانیش بێت. یان دەبێ پرۆسەکە بڕوات بەبێ پەرلەمان و ھیچ کێشەی یاسایشی تێدا نییە".



ھەمان سەرچاوەی (باس) ئاشکراشی کرد، ئەگەر گۆڕان لەم دەستپێشخەریەیان کە دوا دەستپێشخەرییە بۆ ئەو پرسە، نەیەتە پێشەوە، ئەوا پارتی و یەکێتی و کۆتاکان و ھەندێ لە پارتەکانی دیکە، تەنیا بە (٥٠+١) دەتوانن زۆرینەی پەرلەمانی و نیسابی یاسایی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دروست بکەن و بەپێی ماددەی (٢٢)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی ئامادەش نەبن، ئەوا زۆرینە دەتوانێ کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدات، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەش بەپێی ماددەی (١٦)ی پەیڕەوی ناوخۆ دەدرێت بە بەتەمەنترین پەرلەمانتار.



شوان ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، پەرلەمانی کوردستان دەتوانێ بە (٥٠+١)ی پەرلەمانتاران کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدات، گوتیشی: ”تەنیا بۆ پرسی دەستوور و بابەتی وەھا پێویست بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتارانە، بەڵام بۆ پرسەکانی دیکە دەتوانرێ ٥٦ پەرلەمانتار، کە دەکاتە (٥٠+١) کۆ ببنەوە و پەرلەمان کارا بکەنەوە“.



ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو، ھەوڵەکە وەھایە کە ھەموو لایەنە سیاسییەکان بە گۆڕانیشەوە بە تەوافقی حزبی بۆ ئەو پرسە بێنە پێشەوە، ئەگەر نا ئەوا پارتی و یەکێتی و ئەو لایەنانەی دیکە کە دێنە پێشەوە لەگەڵ کۆتاکان، بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمان بدرێت.




باسنیوز
Top