ئاژگەیی: سەردانەکەی شاندی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانی ئامانجی خۆی پێکا

 	 ئاژگەیی: سەردانەکەی شاندی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانی ئامانجی خۆی پێکا
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا باس لە گرینگیی سەردانی شاندی کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات دەکات و دەڵێت، ئەو سەردانە زۆر گرینگ بوو، بۆ ئەوەی بۆچوونی کورد لە دەرەوە بچەسپێنرێت.

شاندی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 11-7-2017 لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی بەلجیکا، هەرێمی فلاندەرز و پەرلەمانی ئەورووپا کۆ بوونەوە. لە یەکەم کۆبوونەوەدا، شاندەکە چەند وەزیرێکی حکوومەتی بەلجیکای دیت، دواتر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز کۆ بونەوە، دواتر (سەرۆک بارزانی) چەند کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیی لەگەڵ چەند کەسایەتییەک ئەنجام دا، دواتر شاندی باشووری کوردستان لەگەڵ پەرلەمانی ئەورووپا کۆ بوونەوە.

(دلاوەر ئاژگەیی)، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی لە یەکێتیی ئەورووپا دەربارەی کاردانەوەی دوای گەرانەوەی شاندەکە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئامانجی سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ برۆکسل ئەوە بوو بەرچاوڕوونی بداتە حکوومەتی بەلجیکا و پەرلەمانی ئەورووپا لەسەر پرسی ریفراندۆم و داوای پشتگیری و پشتیوانییان لێ بکات و ئەوانیش رایان گەیاندووە، مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و، خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و دەبێ رێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگیرێت، ئەوان گوتیشیان ئامادەین بۆ ناردنی چاودێر بۆ پرسی ریفراندۆم، بۆیە سەردانی (بارزانی) و شاندی یاوەری ئەو ئامانجەی پێکاوە.''

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا گوتی: ''لە ئێستاوە کار دەکەین بۆ ئەوەی شێوە و میکانیزیمی ئەو چاودێرانە لە کوردستان رێک بخەین، چونکە دەبێ بە شێوەیەک بێن، کە پێشوەختە ئامادەکارییان بۆ کرابێت.''

(ئاژگەیی) ئەوەشی خستەڕوو: ''شاندەکە سەردانی پایتەختی چەند وڵاتێکی دیکەش دەکەن.''

(ئاژگەیی) دەشڵێت: ''جیا لە پشتیوانی بۆ ڕیفراندۆم، هەندێک لایەن لە دەرەوە بە (سەرۆک بارزانی)یان گوتووە، پشتیوانی لە سەربەخۆییی کوردستان دەکەین.''
kdp-
Top