بەرپرسێکی گۆڕان: قوباد تاڵەبانی لێپرسینەوە لە کێشەی بەنزینی خراپدا ناکات
غالب محەمەد، سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە و بازرگانی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند: "زیاتر لە ٥ کۆمپانیا لە مەرزی باشماخ، بەھۆی ھێنانی بەنزینی کوالێتیی نزم بۆ ناو شاری سلێمانی سزادراون".
سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە، ئەوەشی خستەڕوو: "٢٨ تەنکەر بەنزینی خراپ دەستی بەسەرداگیراوە، دەبوایە خاوەنی کۆمپانیاکەبە بڕی ٣ ملیار دینار غەرامە بکرایە، بەڵام قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئامادەنەبووە سزای ئەو کۆمپانیایە بدات، ئێستا خاوەنی ئەو کۆمپانیایە بەبێ ئەوەی غرامە بکرێت، بە ئارەزووی خۆی لەنێو شاری سلێمانی پیاسە دەکات، کەچی لایەنی پەیوەندیدار ئامادە نییە سزای بەسەردا بسەپێنێت، لەکاتێکدا ئەوە کارێکی نایاساییە چونکە ھێنانی بەنزینی خراپ بۆ ناو شاری سلێمانی و شارەکانی دیکە کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێت".
جەختیشی لەوە کردەوە: "قوباد تاڵەبانی، بەهۆی ئەوەی لێپرسینەوەی نەکردووە، بەرپرسیارە لە ھێنانی بەنزینی خراپ پێویستە ڕێگری لەو کارە نەشازە بکرێت، بێگومان ئەگەر بێدەنگی ھەڵبژێرین و دادگا ھەڵویستی نەبێت، ئەوکاتە بارزگانەکان ھێندەی دیکە کەرەستەی خراپ ھەناردەی شاری سلێمانی دەکەن".
باسنیوز
