ئێران.. لە ماوەی سێ ڕۆژدا 10 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون

 ئێران.. لە ماوەی سێ ڕۆژدا 10 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵڵپەڕەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی سێ ڕۆژدا 10 بەندکراوی کورد لە چوار گرتووخانەی ئیران لەسێدارە دراون.

ماڵپەڕی مافی مرۆڤی (هەنگاو) لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە لە دوو ڕۆژی چوارشەممە و جومعەی هەفتەی پێشوو و رۆژی شەممەی ڕابردوو، دەزگای دادوەریی ئێران لە گرتووخانەکانی "ورمێ، هەمەدان و کەرەج" 10 بەندکراوی کوردی لەسێدارە داوە.

ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو دوو بەندکراوی کورد بەناوەکانی "ئیبراهیم سەبزی، خەڵکی هەرسین و محەمەد هەمەوەند، خەڵکی لوڕستان لە گرتووخانەکانی هەمەدان و کەرەج بە تۆمەتی "مادەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەست" لەسێدارە دران.

لە ڕۆژانی هەینی ڕابردوو سێ بەندکراو و ڕۆژی شەممەش دوو بەندکراوی دیکەی کورد لە گرتووخانەی ورمێ بە تۆمەتی "مادە هۆشبەرەکان" حوکمی سێدارەیان بەڕێوە چوو.

ناوی ئەو پێنج بەنکراوە بریتیە لە "ڕامین هەنارە، پەرویز تەمەری‌پوور، فەرامەرز ئەسغەرزادە، محەمەدڕەزا سادقی و ماشەڵا سەیادنووری" کە هەموویان خەڵکی ورمێ و دەوروبەری بوون.

لەلایەکی دیکەشەوە هەمان ڕۆژ لە گرتووخانەی ناوەندیی خوڕەم‌‌ئاوای سەر بە پارێزگای لوڕستان، سێ بەندکراوی کورد بەناوەکانی ئەمیر خوڕەم‌ئابادی، خەڵکی نوورئاباد، نەجمەدین سەفی‌پوور، خەڵکی نوورئاباد، محەمەد زیودار، خەڵکی زیوداری لوڕستان، هەموویان بە تۆمەتی مادە هۆشبەرەکان لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.














باسنيوز
Top