نووسەرێکی عەرەب: سوننەکان گوێیان لە ئامۆژگارییەکانی بارزانی نەگرت و شکستیان خوارد
غەسان شەربل، نووسەری ناوداری عەرەب و سەرنووسەری رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە وتارێکدا لە رۆژنامەکەی، رایگەیاندووە، دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، ژمارەیەک سەرکردەی عەرەبی سوننەی عێراقی سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد.
غەسان شەربل لە وتارەکەیدا رایگیاندووە، مەسعود بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا داوای لە سەرکردە سوننەکان کرد یەکگرتوو بن و بیر لە هەرێمێکی تایبەت بە خۆیان بکەنەوە تاوەکو پارێزراو بن.
ئەو نووسەرە هەروەها رایگەیاندووە، سەرکردە عەرەبە سوننەکان گوێیان لە قسەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەگرت و تووشی شکست بوون، لەلایەک ئێران دەستی بەسەر عێراقدا گرت، لەلایەک سوننەکان لە حوکمڕانیی عێراقی دابڕان و دوورخرانەوە تەنیا ئەوانە نەبێ، کە بە پارە و دەستکەوت لە بەغدا چاویان نووقێندرا، ئەو بەشەی مایەوەش چووە پاڵ گرووپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
غەسان شەربل بە ئاماژەکردن بە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستەکان دوای کۆتایی هێنان بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق بەبێ هیچ ناونیشانێک، رایگەیاندووە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان رۆڵی کاریگەریان هەبوو لە لەگۆڕنانی ”خەون“ی داعش.
باسنيوز
