خازر.. 70 خێزان بۆ زێدەکانی خۆیان گەڕانەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، پارێزگاری ھەولێر، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە مەراسیمێکدا لە چادرگەی ئاوارەکانی خازر 70 خێزانی ئاوارە لەسەر ئارەزووی خۆیان گەڕێندرانەوە زێدی پێشوویان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16/7/2017 لە چادرگەی ئاوارەکانی خازر کە تایبەتە بە ئاوارەکانی شاری موسڵ و دەوروبەری، رێوڕەسمێکی ئاھەنگ ئامێز بە ئامادەبوونی ھەریەک لە دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و نوێنەرانی ژمارەیەک رێکخراوی جیھانی و کۆمەکبەخش، رێوڕەسمی بەڕێکردنی 70 خێزانی ئاوارەی چادرگەکە بۆ زێدی خۆیان ئەنجام درا.
لەو رێوڕەسمەدا ھەریەکە لە دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر، گوتاریان پێشکەش کرد و تێیدا ھانی ئەو ئاوارانەیاندا کە ناوچەکانیان ئازادکراون و جێگەی مەترسی نین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی پێشوویان و دەستخۆشیان لەو خێزانانە کرد کە ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
ھەر لەو رێوڕەسمەدا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گوتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی بە کارو چالاکییەکانی دەزگا کرد کە چۆن لەساتە ناخۆشەکان بەھانای ئاوارەکانەوە چووە و لە ئێستاش لە نێو چادرگەکاندا بەردەوام تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ھاوکاری و پێداویستی ئاوارەکان دابین دەکەن.
لەبەشێکی دیکەی گوتەکەیدا سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژەی بەوەکرد: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆڵێکی گەورە و کاریگەری بینی لە خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و بەھاناوەچوونی خێرای ئاوارەکان، لەمڕۆشدا بەبۆنەی کۆتاییھاتنی شەڕی تیرۆرو ئازادکردنی شاری مووسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری، ئاھەنگ دەگێڕین کە بەھۆی ئارامبوونەوەی ناوچەکانیان پۆل پۆل خێزانەکان کەمپەکان بەجێدەھێڵن و دەگەڕێنەوە زێدی باب و باپیرانیان، کە ئەمەش ھاندەرێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە ژیانێکی نوێ بکرێتەوەو کۆتایی بە مەینەتی و ناخۆشییەکانی ئاوارەبوون بھێنن".
bas news-
