وەستا رەسوڵ: پێشمەرگە پلانی بۆ ئازادکردنەوەی حەویجە ھەیە

وەستا رەسوڵ: پێشمەرگە پلانی بۆ ئازادکردنەوەی حەویجە ھەیە
فەرماندەی میحوەری چواری باشووری کەرکووک، ڕای دەگەیەنێت کە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئامادەکارییان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە کردووە و پلانی خۆیان ھەیە.



لیوا وەستا رەسوڵ عومەر، فەرماندەی میحوەری چواری باشووری کەرکووک ڕاگەیاند: "لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە ھەموو ئامادەکارییەک بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە کراوە، پێشمەرگەی کوردستان پلانی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی حەویجە و دەوروبەری ھەیە، ھەرکاتێک ھێزە عێراقییەکان ئامادەبوون، ئێمە دەتوانین دەست پێ بکەین و ئامادەین".



فەرماندەی میحورەی چواری باشووری کەرکووک، جەختیشی لەوە کردەوە: "ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە بە بێ ھێزەکانی ھاوپەیمانان ناتوانرێت بکرێت، چونکە پێویستیان بە ھێزی ئاسمانی بەھێز دەبێت، ھێزی ھاوپەیمانی نیشتمانی، لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، ئێستا ھاوپەیمانی نیشتمانی لە ناوچەکەدا خۆیان باش ساز کردووە".



شارۆچکەی حەویجە، یەکێکە لەو ناوچانەی کە لە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیر کرا، تائێستاش ڕزگار نەکراوە، حەویجە ناوچەیەکی فراوانە 6 شارەدێی بەناوەکانی (زاب، عەباسی، ڕیاز، ڕەشاد، عەرز و بەسیل)ی سەر بە ئیدارەی ئەو شارۆچکەیەن.
bas news-
Top