چاودێرانی سیاسی: ڕۆشنبیری نیشتمانی ئەوانەن لەگەڵ ڕیفراندۆمدان

چاودێرانی سیاسی: ڕۆشنبیری نیشتمانی ئەوانەن لەگەڵ ڕیفراندۆمدان
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، لە ئاستی میللیدا پێشوازییەکی گەرم بۆ ڕیفراندۆم هەیە و ڕۆشنبیری نیشتمانیش ئەوانەن کە لەگەڵ ڕیفراندۆمدان.

ئێستا هەرێمی کوردستان لە پەیامی دیپلۆماسیدا بۆ جیهان دەڵێت، کوردستان سەربەخۆیی دەوێت و لە ئەورووپاش وڵاتان پێشوازییان لە ڕیفراندۆمی کوردستان کردووە و بۆ وادەی ڕیفراندۆمیش لە ٢٥-٩دا چاودێر دەنێرن. سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆیشەوە، خەڵکی کوردستان بە پەرۆشەوە دەڕواننە ئەو سەروەتە نیشتمانییە، کە ڕیفراندۆمە. (بەکر حاجی ڕەحیم)، چاودێری سیاسی لە بابەت تێڕوانینی خەلک بۆ ڕیفراندۆم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''ئەو ڕەوشەی ھەیە گوایە خەڵکێک بەرەی دژی ڕیفڕاندۆمی پێک ھێناوە زیاتر ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکانە، نەک نێو خەڵکی کوردستان، واتە دەمەوێ بڵێم ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو دەڤەرەکان لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستانن، ئەوانەی ناکۆکن تەنیا لایەنی سیاسین، نەک جەماوەر، من لە سنووری سلێمانیم، لەسەر ئاستی میللی پێشوازییەکی باش لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم دەکرێت، ھەوڵی جددیش ھەیە بۆ چارەکردنی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ئەگەر بێت و ئەو کێشەیەی نێوان لایەنەکان چارە بکرێت، ئەوە شتێک نامێنێ بە ناوی بەرەی دژە ڕیفڕاندۆم، من بەوە گەشبینم، کە لایەنەکان ڕێککەوتن بکەن، چونکە پێم وا نییە لایەنێک ھەبێت لە ھەرێمی کوردستان خەباتی سیاسی بکات و دژی ڕیفڕاندۆم بێت، ئەگەر ھەر لایەنێکیش ئەوەی لا بێت، ئەوە خۆکوژیی سیاسییە بۆ ئەو لایەنە.''

لە ھەرێمی کوردستان زۆرینەی ھاووڵاتییان و پێکھاتە و لایەنە سیاسییەکان لەگەل ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمن لە ٢٥ی ئەیلوولی داھاتوودا، چاودێران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بەرەی دژە ڕیفڕاندۆم ھیچ بنەمایەکی بۆ نییە، بەڵام ھەندێک کەس کە لە میدیاوە لێدوان دژی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم دەدەن ئەجێندایەکی دەرەکییان لە پشتە و خۆیشیان، واتە ئەو کەسانە چاک دەزانن ڕیفڕاندۆم لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندایە. وەک (بەکر حاجی ڕەحیم) جەختی لەسەر کردەوە، کە ھیچ پاشگەزبوونەوەیەک نییە لە ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم لەو کاتەی بۆی دیاری کراوە، چونکە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم بڕیاریان لەبارەی ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم داوە و لە لایەن جەماوەرەوە پێشوازیی لێ کراوە، ھەرچەندە ھەندێ وڵاتی جیھان تێبینییان لەسەر کاتی پڕۆسەکە ھەیە، بەڵام ھیچ کەس و لایەنێک دژایەتیی خۆی ڕانەگەیاندووە و ئەوەی بڕیاری خۆی لەبارەی ڕیفڕاندۆمەوە دەدات، تەنیا خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، ھەموو ھەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم چارە بکرێن و ڕیفڕاندۆم لە کەشێکی ئاساییدا بەڕێوە بچێت.

هاوکات (د. عومەر نوورەدینی)، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گۆت: ''من وای نابینم کەسێک ھەبێت لە ھەرێمی کوردستان دژی ڕیفڕاندۆم بێت، بەڵام ئەوانەی بەناو ڕۆشنبیر، کۆڕ و سیمینار دەگێڕن و باس لەوە دەکەن کات لەبار نییە بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم، ئەوانە ڕۆشنبیر نین بە مانا گشتییەکەی، بەڵکو ئەوانە کادیری لایەنی سیاسین و پەیامێکیان ھەڵگرتووە، پەیامەکە ھی لایەنێکی سیاسییە و جێبەجێی دەکەن، چونکە ڕۆشنبیری نیشتمانی ئەوەیە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی میللەتەکەی بێت، نەک دژی بوەستێتەوە.''
kdp-
Top