گەرمیان.. لەماوەی ٦ مانگی رابردوودا 2 ھەزار 721 منداڵ لەدایکبوون

 گەرمیان.. لەماوەی ٦ مانگی رابردوودا 2 ھەزار 721 منداڵ لەدایکبوون
بەپێی ئامارێکی نەخۆشخانەی شەھید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و منداڵبوون، لەماوەی مانگی کانونی دووەم ھەتا حوزەیراندا 2 ھەزار 721 منداڵ لە دایکبوونە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 16/7/2017 نەخۆشخانەی شەھید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و منداڵبوون، ئاماری شەش مانگی منداڵبوونی بڵاو کردەوە، کە تێدا ھاتووە: "لە مانگی کانوونی دووەم ھەتا حوزەیراندا 2 ھەزار 721 منداڵ لە دایکبوونە، لەو رێژەیەش ھەزار 884 منداڵ بە رێگەی سروشتی و 837 منداڵ بە نەشتەرگەری لەدایکبوون، ھەروەھا ھەزار و406 منداڵ لە رەگەزی نێر و ھەزار و 315 لە رەگەزی مێن.

بەپێی ئامارەکە: "ھەر لەو مانگەدا 6 ھەزار و 108 نەخۆش سەردانی بەشی راوێژکارییان کردووە، ھەروەھا 4 ھەزار و 404 نەخۆش لەنەخۆشخانەکە خەوێنراون".
نەخۆشخانەی شەھید شێرەی نەقیب، ئەوەشی خستوەتەڕوو: "تا مانگی حوزەیرانی 2017، 358 نەشتەرگەری سارد و ھەزار و 145 نەشتەرگەری ئیمیرجینسی و 718 نەشتەرگەری گەورەو 645 نەشتەرگەری ناوەند و 130 نەشتەرگەری سەرو گەورە ئەنجامدراوە، ھاوکات 2 ھەزار و 17 سۆنار و 10 ھەزار و 263 پشکنینی تاقیگەیی ئەنجامدراوەو ھۆبەی دەروونیش 381 کەیسی بینیوە".










باسنیوز
Top