سەعدی ئەحمەد پیرە بۆ (باسنیوز): لایەنەکان کاتی یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان دیاری دەکەن

سەعدی ئەحمەد پیرە بۆ (باسنیوز): لایەنەکان کاتی یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان دیاری دەکەن
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، لە کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتیدا، بڕیار لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دراوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی پێنجشەممەی ڕابردووی مەکتەب سیاسیی یەکێتی نیشتمانیدا بڕیاردرا کە لەسەر بابەتی سەردانەکەی شاندی یەکێتی بۆ تاران گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و گۆڕاندا بکرێت، چونکە بەدڵنیاییەوە یەکێک لەو تەوەرانەی لەگەڵ شاندی یەکێتی لە تاران گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بابەتی ڕیفراندۆمە، ئێمەش بڕیاری ئەوەمان داوە کە لە کۆدەنگیی کورد لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا دەرناچن".

جەختیشی لەوە کردەوە: ”دوای گەڕانەوەی شاندەکەی یەکێتی لە ئێران، لایەنە سیاسییەکان دادەنیشن و قسە لەسەر کات و ساتی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، چونکە بڕیاری کارا کردنەوەی پەرلەمان دراوە، تەنیا ئەوە دەمێنێتەوە کە لایەنەکان بۆ کاراکردنەوەکە چۆن و لە کوێوە دەست پێ دەکەن؟“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هەر ئەمڕۆ شاندەکەی یەکێتی لەسەر داوای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەردانی (تاران)ی پایتەختی ئێران دەکەن و کاتی ھاتنەوەیان پەیوەست دەبێت بە درێژە کێشانی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ شاندەکەدا دەکرێت.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و ڕیفراندۆم و سەردانی شاندەکەی یەکێتی بۆ ئێران بەڕێوە دەچێت.













باسنیوز
Top