مەریوان دەبێتە پایتەختی جیهانیی کڵاش

 مەریوان دەبێتە پایتەختی جیهانیی کڵاش
قایمقامی مەریوان ئاماژەی بەوە کردووە، سبەینێ دووشەممە بە ئامادەبوونی داوەرانی ئاسیا – ئەقیانووسیە، ئەو شارە وەک شاری جیهانیی کڵاش بە فەرمی تۆمار دەکرێت.

محەمەد شەفیعی، قایمقامی مەریوان، لەبارەی تۆمارکردنی شاری مەریوان وەک پایتەختی جیهانیی کڵاو، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی ئێرانی گوتووە "یەکێک لە ئامانجەکان پاراستنی فەرهەنگی ناوچەکە و پەردەدان بە کەرتی گەشتیاری و ڕاکێشانی گەشتیارە لە ئاستی ئێران و جیهاندا"

ئەو بەرپرسە حکوومەتییەی ئێران گوتیشی "سبەینێ دووشەممە 2017/7/17 لە ڕێوڕەسمێکدا بە بەشداریی جەماوەری فەرهەنگدۆست و نوێنەر و داوەرانی ئاسیا و ئەقیانووسیە، شاری مەریوان بە فەرمی وەک پایتەختی کڵاش لە ئاستی جیهاندا دەناسرێت و بۆ ئەم مەبەستەش پەیکەری کڵاش لە دەروازەی شارۆچکەی (کانی‌دینار) و ناو شاری مەریوان، بەشێک لە هۆتیل و ناوچە گەشتیارییەکان دادەنرێن، کە ئەمە دەبێتە هۆی پەردەان بە کەرتی گەشتیاری".

شاری مەریوان لە بواری پیشە و کاری دەستی و بەتایبەت لە ناوچەی هەورامان خاوەن پێگەیەکی بەرزە و کڵاشیش وەک پێڵاوێکی خۆماڵی و ڕەسەن کە بە کەرەستە و کەلوپەلی خۆماڵی دروست دەکرێت، یەکێک لە پێڵاوە گرنگ و تەندروستەکانی کوردستانە و لە وەرزەکانی بەهار و هاوین و شوێنی وشکانیدا بەکار دەهێنرێت.

پێشتر شاری نۆدشە لە ناوچەی هەورامانی لهۆنی سەر بە پارێزگای کرماشان لە ئاستی ئێراندا وەک شاری میللیی کڵاش لە ڕیزی ناوچە میللییەکاندا تۆمار کرا.

کڵاش پێڵاوێکی دەستچنە کە لە هەورامانی کوردستان و بە تایبەت دەچندرێت.

زۆرتر پیاوان کڵاش لە پێ دەکەن، بەڵام بۆ ژنانیش کڵاش ھەیە کە خورییەکەی کەمێک جیاوازیی ھەیە و بەشێوەی سۆل و بە شێوەی جۆراوجۆریش دەچنرێت.

کڵاش لە دوو بەش پێکد‌ێت، بەشی یەکەمی ژێرەوەیە کە لە پەڕۆ دروست دەکرێت و بەشی دووەمیشی پێی دەگوترێت سەرە کە لە دەزوویەکی ئەستوور لە لۆکە دروست دەکرێت و (پەرگ)ی پێ دەگوترێت.

بەشی ژێرەوەی کڵاش کە پەڕۆی کوتراوە، بە ئاو هەستیارە و ئاوی پێ بکەوێت تێک دەچێت.










باسنيوز
Top