سنە.. حەوتەمین ئەندامی بنەماڵەی چالاکوانێکی سیاسی دەستگیر کرا
بەپێی ڕاپۆرتێک کەلە سنەوە گەیشتووە، لە درێژەی دەستگیرکردنی جالاکوانانی سیاسی لە ساری سنە، ئەمڕۆ شەممە 2017/7/15 کەیوان حوسێن پەناهی، ئامۆزای ڕامین حوسێن پەناهی، چالاکوانی سیاسیی کورد پاش بەدواداچوون بۆ دۆسیە و چارەنووسی ئامۆزاکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستگیر کراوە.
ئەم چالاکوانە لە ساڵانی ڕابرووشدا چەند جاری دیکە لەلایەن ناوەند ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێرانەوە بانهگێهشت و دەستگیر کراوە.
ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووش، عەباس حوسێن پەناهی، یەکێک لە خزمانی نزیکی ڕامین حوسێنپەناهی دوای ئەوەی سەردانی ماڵی ئەو چالاکوانە سیاسییەی لە گوندی قوڕچیای سەر بە دێولان لەلایەن هێز ئەمنییەکانی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کرا.
لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگ و پاش دەرگیریی هێزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە و سوپای پاسداران لە نزیک شاری سنە، هەتا ئێستا 7 کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسێنپەناهی بەو بۆنەوە دەستگیر کراون.
لەو ڕووداوەدا سێ ئەندام و پێشمەرگەی کۆمەڵە شەهید و (ڕامین حوسێنپەناهی)یش بە برینداری دەستگیر کراوە و نزیکەی یەک مانگە هیچ زانیاەییەک لەبارەی دۆخی جەستەیی و چارەنووسی لەبەردەست نییە.
بۆ پاڵپشتی لەم چالاکوانە سیاسییە کەمپینێک ڕێک خراوە و زیاتر لە یەک هەزار چالاکوانی سیاسی، مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نامەیەکدا خوازیاری ڕوونبوونەوەی چارەنووس و ئازادکردنی ڕامین حوسێن پەناهی و دەستگیرکراوەکانی دیکە بوون.
bas news-
