کونسوڵی تورکیا لە هەولێر وردەکاریی کاردانەوەکان بەرامبەر کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو دەخاتە ڕوو

کونسوڵی تورکیا لە هەولێر وردەکاریی کاردانەوەکان بەرامبەر کودەتاکەی ساڵی ڕابردوو دەخاتە ڕوو


سەرکونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان وردەکارییەکانی لەبارەی کاردانەوەکانی حکوومەتی تورکیا بەرامبەر بە کودەتاکەی ناوەڕاستی تەمووزی ساڵی ڕابردوو خستە ڕوو



نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 15ی تەمووزی 2017،مەهمەد ئاکیف ئینام، سەرکونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کودەتا شکستخواردووەکەی وڵاتەکەی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە هەولێر ئەنجام دا و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کودەتایەی ئەنجام درا، ”کاردانەوەیەکی خوێناوی و تیرۆریستی بوو“. بۆیە ساڵێکە تورکیا بیر لە ڕێگەچارەی بنبڕکردنی ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەکاتەوە.



ئەوەشی ڕوون کردەوە، ئەو کەسانەی لە کودەتاکەی ساڵی ڕابردوودا بەشدارییان کرد، بە چەکی قورس ”کودەتایان بەسەر خەڵکی بێ چەک“ کردوە و فەتحوڵا گولەن، ڕێبەری ڕەوتی گولەنیشی بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەو کودەتایەی ئەنجام داوە، لە کاتێکدا ”خۆی بە کەسێکی موسوڵمان و باش دادەنا“، وەک کونسوڵی تورکیا ئاماژەی پێ کرد.



جەختیشی لەوە کردەوە کە ”بە توانای کەسانی دڵسۆز، توانیمان شکست بەو کودەتایە بهێنین و شوناسی خۆمان بپارێزین، گەلی ئێمە گەلێکی دیموکراسییە و توانییان ئەو دیموکراسیەتە بپارێزن“.



مەهمەد ئاکیف ئەوەی نەشاردەوە کە پێشتر حکوومەتی تورکیا زانیاری لەبارەی ڕووداوی کودەتاکە هەبووە و هەوڵی داوە کە لەبارەی دروستبوونی ئەو گرووپەوە لێکۆڵینەوە بکات، بەڵام کودەتاکە بووەتە هۆی ئاشکرا کردنی ”هەموو شتێک“ کە چەندان ساڵە هەوڵی بۆ دەدرێت.



گوتیشی: ”ئەو گرووپە وەک ڤایرۆس چووبوونە نێو هەموو دەزگایەکی دەوڵەت، لەلایەنی پەروەردەوە کاری زۆریان لەنێو دەوڵەتدا کردبوو، بە ناوی وەقفی ئایینییەوە ملیارەها دۆلاریان خەرج دەکرد، نھێنی و گرووپ و نازناو کاریان دەکرد، بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن، بەڵکوو لە شێوەی بزووتنەوەیەکی فێرکاریدا کار دەکەن، بەڵام حکوومەتی تورکیا هەموویانی ئاشکرا کردووە“.



کونسوڵی تورکیا ئەوەی دووپات کردەوە کە ئەوان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە لە تورکیا نەدەن و دەڵێت: ”بەردەوام دەبین لە گەشاندنەوەی دیموکراسی لە وڵاتەکەمان“.



لە کۆتاییشدا سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە لە کاتی کودەتاکەی تورکیادا، پشتیوانی لە حکوومەتی تورکیا کردووە.



شەوی 15ی تەمووزی 2016، زیاتر لە نیوەی هێزەکانی سەر بە سوپای تورکیا، لەچوارچێوەی پلانێکی داڕێژراودا، پەلاماری دامەزراوە فەرمییەکانی تورکیایان دا و دەستیان بەسەر کەناڵی تەلەڤزیۆنیی فەرمیی ئەو وڵاتەدا گرت و هێرشی ئاسمانیشیان کردە سەر بارەگای پەرلەمانی تورکیا، بەڵام دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە ڕێگەی تۆڕی (سکایپ) لە کەناڵی (CNN turk) دەرکەوت، داوای لە خەڵکی تورکیا کرد، بڕژێنە سەر شەقام و ڕێگە لە کودەتاکە بگرن، بەو هۆیەشەوە خەڵکی تورکیا ڕژانە سەر شەقامەکان و بۆ ماوەی 48 کاتژمێر ئاڵۆزیی توند لەو وڵاتەدا هەبوو، لە ئەنجامیشدا بەپێی ئامارەکان، 248 کەسی سڤیل کوژران و 2 هەزار و 196 کەسی دیکەش بریندار بوون کە بەشێکیان کەوتوونەتە ژێر تانکەکانەوە. لەنێو کودەتاچییەکانیشدا 36 کەس کوژران و 49ی دیکە بریندار بوون.
Top