دایكی شەهیدان بۆ لایەنەكان، ڕێگە نەدەن خوێنی ڕۆڵەكانمان بەفیڕۆ بجێت
(مەنیجە عەبدولكەریم) دایكی دوو شەهید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: " كوڕێكم بە ناوی (هادی) لە شەڕی تیرۆریستانی داعش شەهید بووە و (حەمەشەریف)ـی كوڕیشم لە شەڕ لەگەڵ ڕژێمی (سەددام)ـی دكتاتۆر شەهید بووە، ئامادەیشم كوڕەكانی دیكەیشم بكەمە قوربانی سەربەخۆیی كوردستان".
ئەو دایكە شەهیدە گوتیشی: "داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەم لە پرسی دیاریكردنی چارەنووس و سەربەخۆیی كوردستاندا یەكگرتوو بن و، هەموو توانایان بخەنە خزمەتی سەربەخۆیی كوردستان كە خەباتی دوورودرێژی كورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بوە".
دەشڵێت: "داوا لە هەموو كوردستانییەك دەكەم لەبەر خاتری خوێنی ڕژاوی شەهیدانی كوردستان ڕۆژی 25ـی ئەیلوول بڕۆنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن و، ڕوحی شەهیدان ئاسوودە بكەن كە لەو پێناوەدا گیانیان بەخت كردووە".
(سەرگوڵ تۆفیق) دایكی شەهید (هونەر سەعدی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانمانه، بۆیە پێویستە هەموو لایەك ڕێز لە خوێنی شەهیدان بگرێت و بە دەم ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانەوە بجێت".
(سەرگوڵ) دەشڵێت: "پێویستە برایەتی لە نێوان هەموو كورداندا پەرەی پێ بدرێت، چونكە ئێستا كاتی یەكگرتنی هەموو كوردە كە چارەنووسی هەمووان بەسراوەتەوە بە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، بۆیە وەك دایكە شەهیدێك داوای یەكگرتوویی لە هەموو لایەنەكان دەكەم و، هیوادارین ڕێگە نەدەن خوێنی ڕۆڵەكانمان بەفیڕۆ بجێت، كە بە سەركەوتنی ڕیفراندۆم هەموومان ئاسوودە دەبین".
دایكی ئەو شەهیدەی دەستی تیرۆریستانی داعش ئاماژەیشی دا: "ئاواتی ئێمەی دایكانی شەهید، كوردستانێكی سەربەخۆ و ئازادە، كە ڕۆڵەكانمان لەو وڵاتەدا بە ئازادی و خۆشگوزەرانی بژین، داوایش لە دەسەڵاتداران دەكەم لە كوردستانی سەربەخۆدا ژیانی شاییستە بۆ تاكی كورد دابین بكەن".
kdp-
