خەلیل ئیسماعیل: تا دێت خەڵکی کوردستان زیاتر لە بایەخ و گرینگیی ڕیفراندۆم تێ دەگەن
لە دوای ئازادکردنی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا، هەرێمی کوردستان هەموو شتێکی کرد لە پێناو سەقامگیری و بە دیموکراتیکردنی عێراقدا، بەڵام کاربەدەستانی عێراق کە نەیانتوانی حوکمڕانییەکی تەندروست و دیموکراسی پێڕۆ بکەن و دەستوور جێبەجێ بکەن، دەستیشیان دایە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان و دژایەتیکردنی پێشکەوتنی هەرێم، بۆیە ئێستا بە گوێرەی چاودێرانی سیاسی هیچ بوارێکی دیکە لەگەڵ عێراق نەماوە تا بتوانرێت کورد مافەکانی لە ژێر یەکپارچەییی عێراقدا بەدی بێنێت، بۆیە کورد دەیەوێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە عێراق جودا ببێتەوە. بەگوێرەی شارەزایانی جوگرافی هەرێمی کوردستان لە پێش عێراق دەبوو دەوڵەتی خۆی هەبووا، بەڵام رەوشی ناوچەکە لەبار نەبوو، هەروەک پڕۆفیسۆر (خەلیل ئیسماعیل)، پسپۆڕی جوگرافیای سیاسی و مامۆستای زانکۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ''نەک ھەر کورد و ھەرێمی کوردستان، ھەر میللەتێکی سەر زەمین مافی خۆیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و، ھەرێمی کوردستانیش دەبوایە پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، باشووری کوردستان دەوڵەتی سەربەخۆی ھەبوایە، بەڵام دیارە ڕەوشی ناوچەکە لەو سەردەمەدا لەبار نەبوو بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ کورد دروست بێت، بەتایبەتی لە دوای سایکس پیکۆ ڕەوشەکە یەکجار گۆڕا، لە دوای ڕاپەڕینەوە تا پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق ھەرێمی کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆی ھەبوو، بەداخەوە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقیش، کورد و ھەرێمی کوردستان بە ھۆی ڕەوشێکی تایبەتەوە لەگەل عێراق چووە نێو پڕۆسەی سیاسییەوە، گوتمان لەوانەیە ئەمجارە عێراق خێری بۆ کورد تێدا بێت.''
لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە، ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان هەرێمی کوردستان بوونە تەوەری گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدادا، دوای ئەوەی کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، (دی مستۆرا)، کە ئیستا نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ کاروباری سووریا، هاتە نێوان هەولێر و بەغداوە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، بەڵام نەتوانرا ناوچە کێشەلەسەرەکان یەکلا ببنەوە، چونکە بەغدا تەگەرەی خستە بەردەم گشت ئەو هەنگاوانەی بۆ یەکلاکردنەوەی ناوچەکان دانرابوون، بەتایبەت لە جێبەجێکردنی ڕاپرسی، لە کاتی هاتنی داعشدا، ساڵی ٢٠١٤ سوپای عێراق ناوچەکانی بۆ داعش چۆڵ کرد و هێزی پێشمەرگەش بە خوێن ناوچەکانی ئازاد کردن و پارێزگاریی لێ کردن، بۆیە لە ئێستادا ریفراندۆم لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم واتە جێبەجێ کردنی دەستووری عێراق و ئەو راپرسییەی کە یوئێنیش لە پێشدا ددانی پێداناوە. (خەلیل ئیسماعیل) روونی دەکاتەوە : ''من باوەڕ ناکەم ھیچ کەس و لایەنێکی سیاسی ھەبێت دژی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان بێت، ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵک و لایەنەکان لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق تێ دەگەن، کە ڕیفڕاندۆم چەندە لە قازانجی خەڵکی ئێمەدایە، ئەم کێشانەی ئێستا باسیان لێوە دەکرێت، پێم وایە شتێکی ئاساییە، ئەگەر کۆسپ و تەگەرەش بکەوێتە سەر ڕێمان بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم.''
پڕۆفیسۆر (خەلیل ئیسماعیل) ئاماژەیشی دا: ''ھەرێمی کوردستان لە عێراقی دوای نەمانی داعش شوێنی نابێتەوە و بەخۆشحاڵییەوە دەڵێم، ئێستا زۆربەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستاندایە و لە لایەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە پارێزگاری لێ دەکرێت، لەبەر ئەوەش ئارامترین ناوچەی عێراق ھەرێمی کوردستانە و لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و سەربازییەوە دەتوانرێت ھەر دوای نەمانی داعش بڕیاری خۆی بدات.''
kdp-
